دایکانی دیاربەکر و دایکانی شەممە پارتە سیاسییەکانی تورکیایان کردووەتە دوو بەرە

رووداو دیجیتاڵ 

دایکانی دیاربەکر لە 3ی تشرینی یەکەمی 2019ـەوە لە بەردەم بارەگای هەدەپەوە داوای گەڕانەوەی رۆڵەکانیان لە قەندیل دەکەن. ئەوان لەلایەن ئاکپارتییەوە پشتیوانی دەکرێن.  
 
خەدیجە ئای یەکێکە لەو دایکانەی کە لەبەردەم بارەگای هەدەپەیە و دەڵێت "من تا کچەکەم وەرنەگرمەوە لێرە هەڵناستم، تاکۆتایی درێژە بە مانگرتنەکەم دەدەم. کچەکەمم لە هەدەپە دەوێ. چونکە هەدەپە کچەکەمی چەواشە کرد".
 
دایکانی شەممەش، دایکانی رۆڵە بێسەروشوێنەکان و بەشێکیشیان رۆڵەکانیان بەشێوەی تەمومژاوی کوژراون. ئەوان لە 27ی ئایاری 1995ـەوە هەموو رۆژانی شەممەیەک گردبووەیان دەکرد و داوای چارەنووسی رۆڵەکانیان لە حکومەت دەکرد.
 
بەشێکیان دەڵێن، بێسەروشوینبوونی رۆڵەکانیان پلان بۆ داڕێژرابووە، بەڵام حکومەتی تورکیا گردبوونەوەی لە دایکانی شەممە قەدەخە کردووە و بە نایاسایی دەزانێت، ئێستا 46 کەس لە خۆپێشاندەرانی دایکانی شەممە دراونەتە دادگا. ئەمە ناڕەزایی ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتووەتەوە.
 
توغچە دویگو کۆکساڵ، نوێنەری بارۆی ئیستەنبووڵ دەڵێت "بە ناوی بارۆی ئیستەنبووڵ و وەکو نوێنەری مافی مرۆڤ لێرەین بۆ ئەوەی داواکاریی خۆمان ئاراستەی حکومەت بکەین. داوادەکەین پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت. هاوکات ئێمە چاودێریی ئەو خۆپێشاندان و رێپێوانە ئاشتیانە دەکەین، کە دایکانی شەممە دەیکەن".
 
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پشتیوانیی بەردەوامی دایکانی شەممە دەکات و رەخنە لە دەوڵەت دەگرێت بەوەی دۆسیەی کوژرانی رۆڵەکانیان تائێستا تەمومژاوییە.
 
سەلاحەدین دەمیرتاش حوزەیرانی ئەمساڵ هۆنراوەیەکی بۆ دایکانی شەممە نووسی و ئاوازیشی بۆ دانا کە کرایە گۆرانی و دەنگدانەوەی هەبوو.