لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە روها 12 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای روهای باکووری کوردستان لە رووداویکی هاتووچۆدا 12 کەس برینداربوون.
رووداوەکە درەنگی شەوی پێنجشەممە، 13ی حوزەیران لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیی خەلیلییە لە ناوچەی پردی رەش لە ئەنجامی پێکدادانی چوار ئۆتۆمبێل روویدا و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان وەرگەڕا.
دوای رووداوەکە تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و ئەو 12 کەسەی لە رووداوەکەدا برینداربوون گوازرانەوە نەخۆشخانەکانی ناوچەکە.
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا کە رۆژی 16ـی ئەم مانگی ئایار بڵاوکرانەوە، لە ساڵی 2023ـدا ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە و لە ئەنجامدا شەش هەزار و 548 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەڵەی شۆفێر لە رووداوە کوشندەکاندا 89٪ بووە.