حکومەتی ئێران دوو مامۆستای ناسراوی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان سزادەدات

رووداو دیجیتاڵ 

دوو مامۆستای ئایینی ناسراوی سنە بە زیندانی و بێبەشکردن لە مافی مەلایەتی و پێشنوێژی، سزا دران.
 
دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان، سزای 11 ساڵ زیندانیکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیل و بێبەشکردن لە مافی مەلایەتی و پێشنوێژی بەسەر مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی نێو شاری سنەدا سەپاند.
 
هەروەها ئەو دادگەیە مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، پێشنوێژی گوندی نەنەڵەی سنە بە 12 ساڵ زیندانیکردن، دوورخستنەوە بۆ شاری بووشێهر بۆ ماوەی دوو ساڵ و بێبەشکردن لە مافی مەلایەتی و پێشنوێژی سزا دا.
 
ئەو دوو مامۆستا ئایینییە رۆژی 30-01-2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنەوە دەستبەسەر کران، بەهۆی قسەکردن لەسەر ناڕەزاییەکان و دوای ماوەیەک بە کەفالەت ئازاد کران. دوایین دانیشتنی دادگایی ئەو دوو مامۆستایە رۆژی چوارشەممە 07-06-2023 لە هەمەدان بەڕێوەچوو.
 
دوای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 10 مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزاییەکان بە زیندان، دوورخرانەوە و بێبەشکردن لە مافی مەلایەتی سزا دراون.