لە هەولێر کار بۆ دابەزینی نرخی گۆشتی سوور دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونەوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق، لە دوو هەفتەی رابردوودا بڕیاری قەدەخەی هاوردەکردنی بەرووبوومی ئاژەڵمان لەگەڵ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەرکرد، ئەوەش نرخی گۆشتی سووری گران کرد؛ بۆیە بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆببینەوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو بڕیارە بکەین و سنوورەکان لەگەڵ بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بکەینەوە."
 
لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا سێ کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە. بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، تای خوێنبەربوون کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەمکردنەوەی بازاڕیان نەکردووە، بەڵکو بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بازاڕی کەمکردوونەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،" نرخی گۆشتی سوور زۆر بەرزە، رۆژانە گرانتریش دەبێت. دوو هەفتە لەمەوبەر لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکمان کرد کە خۆم ئەندامی لیژنەی ئابووریی پارێزگای هەولێرم و ئامادەبووم. بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونەوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بڕیارێکمان بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕاند کە ئەویش تووندکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و قەدەخەکردنی بەروبوومی ئاژەڵ بوو لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی گۆشتی سوور هەبووە."
 
بۆ نزمبوونەوەی نرخی گۆشتی سووریش بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک بەڕێوەبچێت. هەڵمەت هەمزە دەڵێت، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە پارێزگای هەولێر کۆببینەوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە قەدەخەی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە پارێزگاکانی عێراق بکەین و تەنیا لەو پارێزگایانە قەدەخەی بکەین کە تووشبوونی نوێی تای خوێنبەربوونیان تێدا تۆمارکراوە، وەک ئەنبار؛ بەڵام لە پارێزگایەکی وەکو بەغدا هیچ تووشبوونی نوێ تۆمارنەکراوە؛ بۆیە پێویست ناکات هاوردەکردنی ئاژەڵ لەوێوە رابگیرێت."
 
لەبارەی نرخی ئاژەڵ، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، "نرخی زیندووی بەرخ واتە بە زیندەقەپان 7750 دینارە و گۆشتەکەی بە 16 هەزارە. نرخی ئاژەڵی گەورەش لە حەوت هەزار دینار بۆ حەوت هەزار و 250 دینارە، کە ئەویش گۆشتەکەی بە 15 هەزار دینار دەبێت."
 
هەڵمەت هەمزە پێشبینی دەکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان نرخی گۆشتی سوور گرانتر بێت، بەڵام دەڵێت، "ئەوە کاتییە و بەهۆی جەژنەوەیە."
 
هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتە بە گشتیی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە.
 
بەڕێوەبەری کۆشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا تای خوێنبەربوون لەنێو سەربڕخانەکان تۆمارنەکراوە و ئەوەی هەبووە لە دەرەوەی سەربڕخانەکان و ئەوانە بوون کە لە شوێنە نافەرمییەکان و لاکۆڵانەکان کاریان کردووە."