پۆلیسی سلێمانی: سێ کەس بەتۆمەتی گزیکردن دەستگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، سێ تۆمەتباریان بەهۆکاری گزیکردن دەستگیرکردووە. بەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا بەهۆی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی 13 قوتابی لە سلێمانی دەستگیرکراون. 
 
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مەفرەزەکانی نووسینگەی رزگاری‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نەھێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بەنیازبوون لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سلێمانی‌ و لەکاتی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا گزی (قۆپیە) بکەن.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، ئەو تۆمەتبارانە بەنیاز بوون لە رێگەی ئامێری بێ تەل‌ و مۆبایلەوە لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا گزی بکەن، بەڵام دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا دەستگیربکرێن و لەکاتی دەستگیرکردنیانیش دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێک ‌و چەند کەلوپەلێکی دیکەدا کە "تۆمەتباران بەنیازبوون بۆ گزیکردن بەکاریان بھێنن." 
 
لە 3ـی حوزەیرانی 2023 تاقیکردنەوەی 12ـی ئامادەیی دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا چوار تاقیکردنەوە کراون کە بەهۆی گزیکردن لەو تاقیکردنەوانە 13 قوتابی لە سلێمانی دەستگیرکراون. 
 
رۆژی سێشەممە 13-06-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، چاودێریی دەوروبەری قوتابخانەکان دەکەین، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی قۆپی دەکەن لە رێگەی ئامێری بێ تەل لە چواردەوری قوتابخانەکان کەسێک لە نێو ئۆتۆمبێل پرسیاریان بۆ دەگوازێتەوە، ئامێرەکانیانیش نابێت دوو بۆ سێ کیلۆمەتر دوور بێت؛ بۆیە هەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیکی قوتابخانەکان بێت و گومانی لێ بکرێت لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری دەکرێت. لەنێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەش پۆلیسمان هەیە."