ژنە پارێزەرێک لە هەولێر بە بردنی سەتان هەزار دۆلاری هاونیشتمانیان تۆمەتبار دەکرێت و دیارنامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی بەتەمەن و چەند کەسێکی خێزانەکەی لە ساڵی 2020ـەوە حەوت هەزار و 600 دۆلاریان بە ژنە پارێزەرێک داوە، کە گوایە پێیگوتوون حکومەت زەویی 200 مەتری دابەش دەکات و لە بەرامبەر دوو هەزار دۆلار، ئەو وەک پارێزەر مامەڵەیان بۆ دەکات و زەوییەکانیان بۆ وەردەگرێت، بەڵام دوای سێ ساڵ، ئەم پیاوە نە زەویی بینی و نە سۆراخی پارە و پارێزەرەکەش هەیە.
پیاوە بەتەمەنەکە و ئەوانەی دیکە کە پارەکەیان لەگەڵ داوەتە پارێزەرەکە، خەڵکی کەرکووکن و لەپێش ساڵی 2000ـەوە لە هەولێر لە بنەسڵاوە دەژین.
بەگوتەی پیاوە بەتەمەنەکە و نزیکەکانی، ئەمان تەنیا قوربانیی دەستی ئەم پارێزەرە نین. ئارام، کوڕی یەک لەو کەسانەیە کە پارەی خوراوە، دەڵێ پارێزەرەکە تەنیا یەک کاخەزی وەک بەڵگە پێداون و دوای ماوەیەکیش نموونە رەسەنەکەی لێسەندوونەتەوە و ئەوەی ئێستا لای ئەوانە، تەنیا کۆپییەکەیە.
پیاوە بەتەمەنە فێڵلێکراوەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "76 وەرەقەکە، 19ـی هی منە و 25 هی ئەوەیە و ئەوەیدیکە ئی عوسمانە"، کە بە هەموویان حەوت هەزار و 600 دۆلاریان داوە، بڕە پارەیەک کە چەند ساڵە بێ سۆراخن لێی.
ئارام عوسمان، فێڵلێکراوێکی دیکەیە و بەمشێوەیە باسی بەسەرهاتەکە دەکات "ئێمە، تەلەفۆنمان بۆیان (براکانی کچە پارێزەرەکە) کرد و، گوتمان زەوی یان پارەکە چی لێهات؟ گوتی وەڵا هێشتا ئیشەکەمان جێبەجێ نەکردووە، بەڵام خوشکەکەمیان رفاندووە و ئێستا بێ سەروشوێنە، ئێمەش هیچمان لەدەستنایە تاوەکو شتێک بکەین، گوتم باشە تۆ هیچت لەدەست نایەت و پارەت لە خەڵک وەرگرتووە، 150 دەفتەرە (ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار) بە کۆی گشتی و دەبێ دامودەزگاکانیش ئاگاداربکەیەوە، ئەی ئارامیی هەولێر یانی چی؟ کە ئەو بەناوی حکومەتەوە قسەی کردووە، دەبێت حکومەتیش چارەسەرێکمان بۆ بکات، بەڕاستی ئێمە لە نەبوونیی خۆمان ئەو ئیشەمان کردووە، ئەگەرنا من سێ بۆ چوار دەفتەرم هەبێت، چ ئیشم بەوەیە پارە بدەمە سۆزان و زەویم بۆ وەرگرێت؟".
ئەو زەویەی پارێزەرەکە پارەی لە خەڵک پێ وەرگرتووە، گوتوویەتی دەکەوێتە کەرتی پێنجی گەزنە، لەکاتێکدا لەسەر نەخشە، گەزنە تەنیا کەرتی دووە و شتێک نییە بە ناوی کەرتی پێنجی گەزنە.
تیمی رووداو، چووە تاپۆی عەنکاوە تاوەکو بەدواداچوون بۆ ئەو نووسراوە بکات، کە پارێزەرەکە بە خەڵکی داوە.
دلێر فەتاح، تێبینەری تۆمارکردنی خانووبەرەی عەنکاوە دەڵێ "هەر سەنەدێک لەلای ئێمە دەردەچێت، دەبێت مۆری فەرمانگەی پێوەبێت و واژۆی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەکانیشی لەسەربێت، بۆیە ئەمە (نووسراوەکەی بە خەڵکە فێڵلێکراوەکان دراوە) لای ئێمە دەرنەچووە و ئەو ژمارەیەش لای ئێمە هەر نییە و ئەمە ساختەیە و، ئەگەر بزانین ئەم کارە ساختەیە کێ کردوویەتی، ئێمە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکەین و، نووسراو بۆ دادگەی لێکۆڵینەوە و داواکاری گشتی دەکەین".
تیمی رووداو چوون بۆ ماڵی دوو برای ژنە پارێزەرەکە، هیچیان ئامادە نەبوون قسە بۆ رووداو بکەن، یەکێکیان گوتی هیچ پەیوەندییەکیان بەو کێشەیەوە نییە و، برایەکی دیکەشی گوتی نازانن خوشکەکەیان لەکوێیە و ساڵێکە هیچ سۆراخێکی نییە.