کارەبای سلێمانی: سیستمی پریپەیدی دووکانەکانی نێو بازاڕی سلێمانی کەوتەکار

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، سیستمی پریپەیدی کارەبای دووکانەکانی نێو بازاڕی سلێمانی کەوتە کار و خاوەن دووکانەکان لە رێگەی ئامێری (CIU)، کە هەموویان وەریانگرتووە، دەتوانن زانیاری لەسەر کارەباکانیان وەربگرن.
 
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بۆ خاوەن دووکانەکانی ناو بازاڕی سلێمانی رایگەیاند، "سیستمى پریپەیدى کارەباى دووکانەکان کەوتووەتەکار، لە رێگەى ئامێرى (CIU) کە هەموو دووکانەکان وەریانگرتووە زانیارى لەسەر کارەباکانیان وەربگرن."
 
لە ئاگادارییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "لەکاتى تەواوبوونى ئەو بڕەى کە وەکو پێشەکى لە پێوەرەکەدایە دەتوانن لە بنکەى فرۆشتنى کارتى باڵانسى کارەبا لە بازاڕى کوردۆ لە شەقامى مەولەوى کارت بکڕن، هاوکات ئەو دووکانانەى کە ئامێرى (CIU)یان وەرنەگرتووە کارەباکانیان دەکوژێتەوە، بۆیە پێویستە پسوولەى کارەبا لەگەڵ خۆیان بهێنن و سەردانى بنکەى فرۆشتنى کارتى باڵانسى کارەبا بکەن و ئامێریان پێدەدرێت، کارتیان بۆ داخڵ دەکرێت و کارەبایان بۆ هەڵدەکرێتەوە."
 
سیستمی پریپەیدی کارەبا، سیستمێکە یەکەی کارەبای تێدایە، بە شێوەیەک کار دەکات کە هاوبەشانی کارەبا لە رێگەی کارتی پڕکردنەوەی باڵانسەوە، کارەبا دەکڕن.
 
زۆنی یەکەمی ناو بازاڕی سلێمانی و چوار شوێنی نێو شاری سلێمانی کارەباکەیان کراوەتە سیستمی پریپەید، ئەوانیش بەرزاییەکانی سلێمانی، بەرزاییەکانی قەیوان، قەیوان سیتی و پاشا سیتین.
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پێیوایە لە رێگەی سیستمی پریپەیدەوە کێشەی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لەنێوان وەزارەتی کارەبا و هاوبەشانی کارەبا چارەسەر دەکرێت و وەزارەتی کارەبا بودجەیەکی باشتری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لەبەردەستدا دەبێت.