یەکێتیی هەناردەکارانی باکووری کوردستان سەردانی دهۆک دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی هەناردەکارانی باقلەمەنی و بنەتۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی کۆمپانیاکانی باکووری کوردستان بۆ عێراق، لە مێردین دەستیان بە بەرنامە سێ رۆژییەکەی خۆیان کرد. لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی بازاڕی عیراقێش، سەردانی پارێزگای دهۆک دەکەن.
ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی هەناردەکارانی باقلەمەنی و بنەتۆ بەسەرپەرشتی جەلال کادئۆغڵوو لە مێردینی باکووری کوردستان دەستیان بە کۆبوونەوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم کۆمپانیاکانی بازرگانی و بازرگانانی باکووری کوردستان کرد.
یەکێتییەکە رایگەیاند، بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیایانەی لە بازاڕەکانی عیراقدا تووشی کێشە دەبن، کۆمپانیاکانی باقلەمەنی پارێزگای مێردینی باکووری کوردستانن. ئەمە لە کاتێکدایە رێژەی زۆری هەناردەکردنی بەرهەمی کۆمپانیاکانی باکووری کوردستان بۆ بازاڕەکانی عێراقە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیشیان راپۆرتێکیان بۆ وەزارەتی بازرگانی تورکیا و جێگری سەرۆککۆماری تورکیا ناردووە.
یەکێتیی هەناردەکارانی باقلەمەنی و بنەتۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، لە راپۆرتەکەیاندا باس لەوە دەکەن: "ئەو کێشانەی لە بازاڕەکانی عیراق رووبەروومان دەبێتەوە، تەنیا کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری دروست ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی لە ناوچەکەماندا. بۆیە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بایەخی گرنگیان بۆ ناوچەکە دەبێت".
یەکێتیی هەناردەکارانی باقلەمەنی و بنەتۆ لە دوای مێردین، سەردانی جزیرێ و سلۆپی دەکەن و دواتریش لەگەڵ بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل کۆدەبنەوە. پاشان سەردانی دهۆک دەکەن و لەوێش لەگەڵ ژووری بازرگانیی دهۆک لەسەر ئەو کێشانە کۆدەبنەوە.