لەناو بازاڕی سەنگەسەر لە شەڕێکدا کەسێک بە گولـلە بریندار دەبێت
رووداو ـ سلێمانی
لەناو بازاڕی شارۆچکەی سەنگەسەری سنووری راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، شەڕ دروستدەبێت و بەهۆیەوە کەسێک بە گولـلە بریندار دەبێت.
رۆژی شەممە 14ی ئایاری 2022 شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، "کاژێر 07:00ی ئێوارە رووداوێکی تەقەکردن لەنێو بازاڕی سەنگەسەر روویداوە و کەسێک بە سەختی بریندار بووە."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو کەسەی بریندار بووە تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە و گولـلە بەر سەری کەوتووە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە، هێشتا لە تەندروستیی دڵنیا نین."
لەبارەی هۆکاری شەڕەکە و تۆمەتبارەکانەوە، شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوە کرد، "تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نازانین، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و دەست بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوە تۆمەتبارەکان کراوە."