نوێنەرێکی پێکهاتەی تورکمان: بە مەرجی زیادکردنی کورسییەکانمان، رازی دەبین کورسیی پێکهاتەکان بدرێتە سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی پێکهاتەی تورکمان دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ یونامی دوو پێشنیازیان لەبارەی شێوازی بەشداریان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبووە؛ یەکەم، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە بە یەک بازنە و رێگەنادەن 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان دابەشی پارێزگاکان بکرێت؛ دووەم، ئەگەر کورسیی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت، دەبێ ژمارەی کورسییەکانیان زیاد بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 13ی نیسان، نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئانۆ جەوهەر وەک وەزیری پێکهاتەی کریستیان لەگەڵ نوێنەری یونامی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی شێوازی بەشداری پێكهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
یونامی پێشتر لە 9ی نیساندا، دوو پێشنیازی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کردووە؛ یەکەم: پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، یاخود بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن دروستبووە یەک کورسی کریستیان و یەک تورکمان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت.
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی پێكهاتەکان لەگەڵ نوێنەری یونامی، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی بە رووداوی گوت: "لەبارەی شێوازی بەشداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، دوو پێشنیازمان بۆ یونامی هەبوو، یەکەم؛ بە یەک بازنەیی بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکەین و لەنێو 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان سازش لەسەر هیچ کورسییەکیان ناکەین، دووەم: داوامان کردووە کورسی پێكهاتەکان زیادبکرێت و لە پەراوێزی زیادکردنەکە ئێمە دەتوانین سازش لەسەر کورسییەکان بکەین."
مونا قەهوەچی ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو پێشنیازانە کۆدەبنەوە و بە راپۆرتێکی نووسراو ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و یونامی دەکەن.
بەگوتەی ئەو نوێنەری پێکهاتەکان، یونامی لە وەڵامی پێشنیازی پێکهاتەکان پێیگوتن، پێشنیازەکەتان وەردەگرین و ئاراستەی لایەنەکانی دەکەن ئێوەش هەوڵبدەن لەوبارەوە لایەنەکان بهێننە سەر هێڵ.
دوای ئەوەی یونامی پێشنیازی خۆیان لەبارەی بەشدارەی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد، مونا قەهوەچی، وەک نوێنەری پێكهاتەکان بە رووداوی گوت، ئەو بابەتە نیگەرانی کردوون، چونکە پێویست بووە ئەو پێشنیازە ئاراستەی پێکهاتەکان بکرێت.
مونا قەهوەچی دەڵێت، یونامی پێیڕاگەیاندوون، ناچاربوون پێشنیازەکانیان ئاراستەی یەکێتی و پارتی بکەن، چونکە لەیەکەم راپۆرتیان کە "بەدادپەروەرانە" دانرابوو و ئاراستەی لایەنەکان کرا و تێیدا داوایان کردبوو پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، جگە لە پارتی هیچ لایەنێکی دیکە راپۆرتەکەی قبوڵنەکردووە، بۆیە بۆ ئەوەی لەچەقبەستوویی سیاسی دەربچن دوو پێشنیازیان ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد.
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەر لەوەی هەڵبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بە کاراکردنەوەیە.