ئەردۆغان لە ئامەد دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی ئەمڕۆ هەینی 14ـی نیسانی 2023 لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای ئامەد بەشداری لە کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک و دانانی بەردی بناخەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات دەکات.
گالیپ ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەمساڵ کە لە 14ـی ئایاردا دەکرێت بەربژێری ئاکپارتییە لە بازنەی ئامەد، لە تویتەر ئاماژەی بەوەدا، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری لە کردنەوەی "مزگەوتی سەلاحەدینی ئەیوبی" دەکات و داوای لە ئامەدییەکان کرد ئامادەی رێوڕەسمەکان بن.
ئەردۆغان کاژێر 16:00 خولەک لە شارۆچکەی رەزان لە ناوەندی شاری ئامەد بەشداری لە دانانی بەردی بناخەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون دەکات کە لەلایەن تۆکی ـیەوە بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە دروستدەکرێن. پڕۆژەکە لە گوندی "ئۆغڵاکڵی" سەر بە شارۆچکەی رەزان دروستدەکرێت کە بە دووری 25 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئامەد هەڵکەوتووە.
لە چواچێوەی رێوڕەسمەکەدا کلیلی یەک هەزار و 432 شووقە و 17 دووکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێت.
ئەردۆغان دواتر لە شارۆچکەی باژارانۆ لە ناوەندی شاری ئامەد بەشداری لە کردنەوەی "مزگەوتی سەلاحەدینی ئەیوبی" دەکات کە لەلایەن ئیحسان ئارسڵان، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد دروستکراوە. مزگەوتەکە لەسەر رووبەری 28 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، لە شوێنە داخراوەکانی مزگەوتەکە 10 هەزار کەس و لە شوێنە کراوەکانیدا 20 هەزار کەس دەتوانێت لەخۆبگرێت.
ئەمە دووەمین سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی دەبێت بۆ ئامەد لە ماوەی دوو مانگدا.