جەمیل بایک: بۆ ئەوەی کۆنگرە ببەستین دەبێت دەوڵەت ئاگربەست رابگەیێنێت

جەمیل بایک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە.
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رایگەیاند، بۆ ئەوەی کۆنگرەی خۆیان ببەستن، دەبێت دەوڵەت ئاگربەست رابگەیێنێت. دەشڵێت، هەندێک کەس لە تورکیا هەن دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن.
 
جەمیل بایک، کە لە هەمانکاتدا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەیە لە کەناڵێکی نزیک لە پەکەکە بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەر و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە قسەی کرد.
 
بایک، سەبارەت بەو پڕۆسەیەی کە لە تورکیا دەستیپێکردووە رایگەیاند، "پەرەپێدان و خاوەندارێتیکردن لەو پرۆسەیە تەنیا کاری کورد نییە، جەهەپە و هەموو هێزە دیموکراتییەکان دەبێت ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن."
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی پەکەکە ئاماژەی بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان کرد و گوتی، "بۆ ئەوەی پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت، دەوڵەت دەبێت ئاگربەست رابگەیێنێت و بەستنی کۆنگرە لە هەلومەرجی ئێستا مەترسیدارە".
 
بایک دەڵێت: "لە تورکیا کۆمەڵێک گرووپ هەن دەیانەوێت کێشە دروست بکەن. ئەگەر دەیانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەن و لە مەترسییەکان تورکیا رزگاریان ببێت، دەبێت دەستبەرداری ئەم هەوڵانە بن".
 
رۆژی 27ی شوباتی 2025 عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە رێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە بکات و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. دواتر پەکەکە پابەندبوونی خۆی بە پەیامی رێبەرەکەیان راگەیاند.
 
سەبارەت بە رێککەوتنەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی راگوزەری سووریا، جەمیل بایک پێیوایە ئەمە سەرەتایەکی ئەرێنییە و گوتی: "خەڵکی باکووری سووریا بە بەرخۆدانی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ئەوەی عەلەوییەکانیش بپارێزێت هەنگاوەکەی ئاپۆیە. ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو گەلان و باوەڕەکانە".
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەدەسە و ئەحمەد شەرع، سەرککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێت.