گواستنەوەی عێراق: ئەگەر هەرێمی کوردستان داوامان لێبکات پاسی دوو نهۆمییان بۆ دابین دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئاسانکاری دەکەن لە دابینکردنی پاسی گواستنەوەی گشتی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان گوتی، لەوبارەیەوە قسە لەگەڵ ئەو وەزارەتە دەکەن.
سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 43 هێڵی گواستنەوەی گشتیی پاسمان لە بەغدا کارا کردوون و لە چەند رۆژی داهاتووشدا چەندین هێڵی دیکەش لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە زیاد دەکەین، ئێستاش لە هەموو عێراقدا خاوەنی 600 پاسین."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە نووسراوی فەرمیی داوای ئەو پاسانە بکات بۆ پارێزگاکانی، ئەوا ئێمە وەکو وەزارەتی گواستنەوە ئامادەین کارئاسانیان بۆ بکەین، دوای بەدواداچوونی رێکارەکان؛ بە نووسراو دەیخەینە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە سەرەڕای ئەوەی ماستەرپلانی خۆمان هەیە بۆ دابینکردنی هێڵی گشتیی گواستنەوە و چاوەڕێی وەبەرهێنێکی ناوخۆیی یان بیانی دەکەین کە بیگرێتە ئەستۆ، بەڵام تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەین و سەبارەت بەو پرسە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق قسە دەکەین."
یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، هەبوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلە لە شارەکاندا، پسپۆڕان بەردەوام جەخت لە دابینکردنی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی دەکەنەوە، بۆ ئەوەی دووکەڵی ئۆتۆمبێل کەم ببێتەوە.
د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگە بە رووداوی گوت: "دابینکردنی هێڵی گشتیی گواستنەوە، بەتایبەت ئەو جۆرە پاسانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خاوێنکردنەوەی ژینگە دەبێت."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ژینگەییە، "ئەو جۆرە هێڵانەی گواستنەوە هاوڕێی ژینگەن و لە وڵاتاندا گرنگیی زۆریان پێدەدرێت، ئەو پاسانە کە دوو نهۆمین نزیکەی 40 کەس لەخۆدەگرن، ئەوەش بەو واتایەیە رۆژانە هەزاران کەس لە جیاتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کەسیی خۆیان، لە رێگەی ئەو پاسانەوە هاتووچۆ دەکەن."
ئەو پاسانەی وەکو هێڵی گواستنەوەی گشتی لە عێراقدا کاریان پێدەکرێت، دروستکراوی ئەڵمانیا و چینن و دوو نهۆمین؛ رەنگەکەیان سوور و رەشە و لە بەشی پێشەوەیدا ژمارەیەکی تایبەتی لێدراوە، کە هەر ژمارەیەک تایبەتە بە گەڕەک و ناوچەیەکی دیاریکراو.
نرخی کرێی هاتووچۆکردن بەو پاسانە بە گوێرەی گەڕەکەکان دەگۆڕێت، کە بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان 500 بۆ 1000 دینارە.