دەروازەی سنووریی کێلێ بەهۆی بەفرەوە داخراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارین، دەروازەی سنووریی کێلێ لە سنووری قەزای پشدەری لە ئیدارەی راپەڕین داخرا. بەڕێوەبەری گومرگی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، گرفت لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانە و رێگەکە پاکنەکراوەتەوە.
لەگەڵ ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفرێکی زۆر باریوە، بەو هۆیەوە هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی کێلێ کە دەکەوێتە نێوان قەزای پشدەر و شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، راگیرا.
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نزیک دەروازەی سنووریی کێلێوە دەڵێت، ''لێرە، زیاتر لە نیو مەتر بەفر باریوە و بەو هۆیەوە بارهەڵگر و هاووڵاتیان ناتوانن هاتووچۆ بکەن."
وەک پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نزیکەی 60 بۆ 70 سانتیمەتر بەفر باریوە و، تائێستا رێگەکە پاکنەکراوەتەوە، ئەوەش وایکردووە دەروازە سنوورییەکە دابخرێت.
جەوهەر رەسووڵ، بەڕێوەبەری گومرگی ئیدارەی راپەڕینیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان لە دوێنێوە دیوی هەرێمی کوردستانیان لە بەفر پاککردووەتەوە و هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری دەستپێبکاتەوە، ''بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە رێگەکە پاکنەکراوەتەوە، گرفتەکە بەردەوامە و رێگەکە بە تەواوی داخراوە''.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی؛ باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
هەروەها دەروازەکانی کێلێ لە سنووری پشدەر؛ سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن کە نێودەوڵەتی نین.