قایمقامی شنۆ: تیمێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی شاخەوانەکان رەوانەی ناوچەی رندۆڵە کراوە

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، تیمێکی 25 کەسیان بۆ ناوچەی رندۆڵە ناردووە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی سێ شاخەوانەکە بەردەوامن.
 
عەلی تورابی، قایمقامی شاری شنۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "بەپێی پێشبینی کەشناسی، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارینی بەفر بەردەوام دەبێت، سەرەڕای ئەوەش تیمێکی 25 کەسی فریاکەوتن رەوانەی ناوچەکە کراون بۆ ئەوەی لەگەڵ باشتربوونی دۆخی کەشوهەوا، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ شاخەوانە لە ناوچە شاخاوییەکانی رندۆڵە دەست پێبکاتەوە."
 
عەلی تورابی گوتی، "هەوڵەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی بە ئەنجام دەگەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-01-2024، پێنج کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی کاوایانی نەغەدە بۆ شاخەوانی چوونە شاخی رندۆڵە لە ناوچەی شنۆ، بەڵام رۆژی هەینی لە کاتی گەڕانەوەیاندا رنووی بەفریان بەسەردا هات؛ دوو کەس لەوان رزگاریان بوو و چارەنووسی سێ شاخەوانەکەی دیکە نادیارە.
 
رۆژی هەینی دەیان شاخەوان لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامانی دامەزراوەکانی فریاکەوتنی شاری شنۆ روویان لە شاخی رندۆڵە کرد. سەرەڕای بەفر، باو و بۆران، بەشێک لەوان چوونە شوێنەکە و کیسەی خەوی شاخەوانەکانیان دۆزیەوە، بەڵام لەبەر دۆخی خراپی کەشوهەوا و ئەگەری هاتنی رنووی دیکەی بەفر، گەڕانەوە بۆ گوندەکانی نزیک لەو شوێنە.
 
ئەو شاخەوانانەی کە گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە، دوای گەڕانەوە گوتیان، جگە لە دۆخی نەگونجاوی کەشوهەوا، بەرزی بەفرەکە شەش تاوەکو 10 مەتر دەبێت و گەڕان لەنێو ئەو بەفرە زۆرەدا پێویستی بە کەرەستەی تایبەتە کە ئەوان پێیان نەبووە.
 
موبین جسمی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی کاویانی نەغەدە و یەکەم کەسی رزگاربوو لەو بارەوە دەڵێت، "رۆژی هەینی 6:30 خولەکی بەیانی خێوەتەکانمان کۆکردەوە و کاژێر نزیکەی 8:30 خولەک بوو کە رنوو بە سەرماندا هات."
 
موبین جسمی دەڵێت، "هەر کە ئاوڕم دایەوە، بینیم کە رنوو هات؛ هیچ شتی دیکەم بیر نییە؛ بە هەر جۆرێک بوو دەستم لە بن بەفرەکەوە دەرهێنا و هاتمە دەرەوە. نزیکەی دوو بۆ سێ کاژێر بەدوای ئەوانی دیکەدا دەگەڕام، بەڵام دیسان رنوو هات."
 
دوای موبین جسمی، سەلام بەهمەن یار، ئەندامێکی دیکەی گرووپی شاخەوانیی کاویان رزگار کرا و تیمەکانی مانگی سووری شاری شنۆ بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەو شارەیان گواستەوە.
 
بەرپرسی ناوەندی تەندروستیی شاری شنۆ شەوی هەینی گوتی: تەندروستی ئەو دوو شاخەوانە جێگیرە، بەڵام موبین جسمی بۆ پشکینی پزیشکیی زیاتر رەوانەی شاری ورمێ کراوە.