وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: کەمترین مووچەی کرێکار 350 هەزار دینار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر پڕۆژەیاسای کار پەسندبکرێت، خاوەنکار ناتوانێت بە ویستی خۆی کۆتایی بە گریبەستی کرێکار بهێنێت و ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە هەشت کاژێر کار بۆ کرێکار دیاری کراوە.
 
رۆژی شەممە، 14-01-2023، د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی میوانی بوولتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتح پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پڕۆژەیاسای ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و خوێندنەوەی سێیەم ماوە دەنگدانی بۆ بکرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
 
بە گوتەی عارف حیتۆ، ئەو پڕۆژەیاسایە لە 18 بەش و 159 ماددە پێکهاتووە و لە بەشی گرێبەستەکاندا ''زۆر بە ئاشکرا'' دیاری کراوە کە خاوەنکار کەی دەتوانێت کۆتایی بە گرێبەستەکە بهێنێت و ئەرک و مافی خاوەنکار و کرێکار چین.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لەو پڕۆژەیاسایەدا باس لەوە کراوە کە نابێت مووچەی کرێکار لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت؛ لە هەر شوێنێک زیاتر لە 50 ئافرەت کاریان کرد، دەبێت لەو شوێنە دایەنگەیەک دروستبکرێت؛ ئەگەر کرێکاریش نەخۆش بکەوێت و راپۆرتی پزیشکی هەبێت، تاوەکو 30 رۆژ دەتوانێت کار نەکات و پارەکەی بە تەواوی وەردەگیرێت.
 
لەبارەی کاتی کار و مۆڵەتی کرێکار، عارف حیتۆ گوتی: "کاتی کار، رۆژانە 8 کاژێر و هەفتانە 48 کاژیر دیاریکراوە و هەموو پشووە فەرمییەکانی وڵات، کرێکارانی کەرتی تایبەت دەگرێتەوە"؛ هەروەها گوتیشی، مۆڵەتی ساڵانە بۆ کرێکارێک کە هێشتا ساڵێکی لە کار تێپەڕ نەکردووە 21 رۆژە، بەڵام ئەگەر ماوەی کارکردنەکەی لە ساڵێک تێپەڕی، ساڵانە تاوەکو 30 رۆژ دەتوانێت مۆڵەت بە مووچەی تەواو وەربگرێت.
 
عارف حیتۆ ئاماژەی بەوە کرد، هێڵی 5500 بۆ وەرگرتنی سکاڵای کرێکاران دابینکراوە و ئەو کرێکارانەی هەست دەکەن مافیان لەلایەن خاوەنکارەوە پێشێل دەکرێت دەتوانن پەیوەندی بکەن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن و بە زووترین کاتیش بەڕێوەبەری کاری ئەو ناوچەیە بەدواداچوونی بۆ دەکات.
 
عارف حیتۆ پێیوایە دەبێت گرنگی بە کەرتی تایبەت بدرێت و بۆ ئەو بابەتەش پشتیان بە رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار بەستووە؛ گوتیشی هەوڵ دەدرێت یاسایەکی کاری گونجاو لەگەل دۆخی کوردستان دابین بکرێت کە بە بەرژەوەندیی کرێکار و خاوەنکار بێت.