خێزانی زانا دوای 75 رۆژ لە چاوەڕوانی، تەرمی کوڕەکەیان دەگەڕێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای 75 رۆژ لە چاوەڕوانی، بڕیارە سبەی تەرمی دوو کۆچبەری کورد بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. برای یەکێک لە کۆچبەرەکان دەڵێت: "ئەو قاچاخچییەی براکەمی بردووە درۆی لەگەڵ کردین و بەرپرسیارە لە گیانلەدەستدانی براکەم. بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین."
بەلەمێکی کۆچبەران رۆژی 31-10-2022 لە دوورگەی ئێڤیا کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە دوورە ژێرئاوکەوت. پۆلیسی یۆنان لە زاری رزگارکراوانەوە رایگەیاند، سەرنشینانی بەلەمەکە 68 کەس بوون و 12 کەسیان رزگاربوون کە دووانیان هاونیشتمانی باشووری کوردستان بوون و ئەوانەشی بێسەروشوێنبوون میسری و ئەفغانستانی و کورد بوون.
دوای هەفتەیەک لە گەڕانی هێزی کەناراوەکانی یۆنان 26 تەرم دۆزرانەوە و دوو کەسیان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بوون بەناوەکانی زانا قادر و زریان محەممەد.
رۆژی 12-1-2022 ژیلوان قادر، برای زانا قادر، لەکاتی بەشداربوونی لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوراز گوڵپی و جەعفەر رەشید پێشکێشی دەکەن، چیرۆکی رۆیشتنی زانا و وردەکاری گیانلەدەستدانی و هۆکارەکانی دواکەوتنی هێنانەوەی تەرمەکەی گێڕایەوە.
"قاچاخچییەکەی دەناسین و دەبێت سزای خۆی وەربگرێت"
بە گوتەی ژیلوان قادر، ئەوان بۆ رۆیشتنی زانا مامەڵەیان لەگەڵ قاچاخچییەک کردووە و لە رێگەی برایەکی قاچاخچییەکەوە کە دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینە و پارەیان داوەتە ئەو برایەی، رێککەوتبوون کە بە بەلەمێکی تایبەت زانا بنێردرێت بۆ یۆنان و 35 کەس زیاتری تێ نەکات، بەڵام بەو جۆرە دەرنەچوو، بەڵکو زۆر زیاتر لەو ژمارەیە خەڵک لەنێو بەلەمەکەدا بوون.
دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیایی کوردی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی بڵاوکردەوە و ڤیدیۆیەکەشی بڵاوکردەوە کە تێیدا کۆچبەرەکان داوای بەهاناوەچوون دەکەن، دواتریش ڤیدیۆی ئەو ساردخانەیەی کە تەرمەکانی تێدابوو بۆ یەکەمجار لە رووداو بڵاوکرایەوە. دواتر رۆژ زاڵە، پەیامنێری رووداو چووە یۆنان و بەدواداچوونی وردی بۆ چارەنووسی کۆچبەرانی نێو بەلەمەکە کرد.
هێنانەوەی تەرمەکان
رۆژێک دوای رووداوەکە، چەند تەرمێک دۆزرانەوە. رووداو زانیاری وەرگرت کە یەکێک لە تەرمەکان زانا قادرە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی نەیانزانیبوو ناوەکەی بڵاونەکردەوە، دواتر هەواڵی گیانلەدەستدانی زانا قادر و زریان محەممەد بە خێزانەکەیان درا.
بڕیاربوو دوای چەند رۆژێک و راپەڕاندنی کاروبارە فەرمییەکان تەرمی هەردوو هاونیشتمانییەکە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، بە گوتەی ژیلوان قادر، کەسوکاری کۆچبەرە میسرییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و گوتویانە: "بۆچی تەرمی دوو عێراقی بێ پشکنینی DNA دەدەنەوە، تەرمەکانی ئێمە نادەنەوە. بۆیە دادگەی ئێڤیا بڕیاریدا بێ پشکنینی DNA تەرمەکان نەداتەوە."
ژیلوان قادر دەڵێت: "لە باڵیۆزخانەی عێراق لە یۆنانەوە داوای پشکنینی DNAمان لێکرا؛ بۆیە لە 17-11-2022 لە بنکەی بەڵگەی تاوانی هەولێر پشکنین بۆ دایک و باوکم کرا و دوای 50 رۆژ پشکنینەکان نەگەیێندرایە یۆنان."
بڕیارە سبەی کاژێر 17:30 خولەکی ئێوارە تەرمی زانا و زریان بگاتەوە فڕۆکەخانەی هەولێر، بۆ بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 16-12-2022 زانا لە کۆمەڵگەی پیرەمەگروون لە سلێمانی بەخاک دەسپێردرێت، بەوەش گۆڕستانی پیرەمەگروون دەبێتە کۆتایی چاوەڕوانی خێزانێک بۆ هێنانەوەی تەرمی شێواوی کوڕەکەیان و چیرۆکی کۆچبەرێک کە بەدوای بینینی سێ منداڵەکەیدا رێگەی پڕ مەترسی گرتبوویە بەر.
زانا قادر خەڵکی ناحیەی پیرەمەگروونی پارێزگای سلێمانی بوو و خێزاندار بوو، لە دوای خۆی سێ منداڵی جێهێشتووە. زریان قادریش خەڵکی قەڵادزێ لە سنووری هەمان پارێزگا و لەدایکبووی 1992 بوو و ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو.