چوار کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی منداڵ لە وان دەستگیردەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی بێگر سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، لە کۆی شەش کەس کە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک دەستبەسەرکرابوون، چواریان خرانە زیندانەوە.
 
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە سۆشیاڵ میدیا و ماڵپەڕە هەواڵییەکانی تورکیادا بڵاوبوونەتەوە، لە شارۆچكەی بێگر سەر بە پارێزگای وان، ژمارەیەک کەس دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر منداڵێکی کچ کە لەنێویاندا پۆلیس، سەرباز و بەرپرسانی حکومەت هەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان رۆژی هەینی، 13ـی کانوونی دووەمی 2023، راگەیێندراوێکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە. ئاسایشی وان ئەو زانیاری و هەواڵانەی رەتکردووەتەوە کە کچەکە لەلایەن 40 کەسەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر کە لە نێویاندا پۆلیس، سەرباز و سیاسەتڤان هەن.  
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان ئاماژەی بەوەداوە، سەبارەت بە داواکاریی منداڵێکی کچ لەسەر "دەستدرێژیی سێکسی و هەڕەشەکردن" دەست بە لێکۆڵینەوە کرا و شەش تۆمەتبار دەستبەسەرکران.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چواریان دوای ئەوەی دراونەتە دادگە خراونەتە زیندانەوە. ئاسایشی وان رەتیکردووەتەوە کە لەنێو ئەو کەسانەی دەستبەسەرکرابوون، فەرماندە، سیاسەتڤان، سەرباز یان پۆلیس هەبووبن.