لە فیستیڤاڵی نمایشی جلوبەرگ لە چین منداڵێکی کورد یەکەم دەبێت

رووداو - هەولێر 

لە فیستیڤاڵی نمایشی جلوبەرگ لە بەیجینی پایتەخی چین، منداڵێکی کوردی تەمەن حەوت ساڵ لەنێو 300 کوڕ و کچی ئەو وڵاتە پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت.
 
هونەر حەمید، باوکی دیلانە و سەبارەت بە یەکەمبوونی کوڕەکەی لە فیستیڤاڵەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کوڕەکەم لەنێو 300 کوڕ و کچی وڵاتی چین کە لەنێویاندا کوڕ و کچی ئەستێرە بەنێوبانگەکان و سەرمایەدارە گەورەکانی ئەو وڵاتەی تێدابوو، توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە بۆ من و کەسوکارەکەم و بەسەربەرزیشەوە وا دەزانم پلەی یەکەمەکە بۆ کوردستان بووە".
 
باوکی دیلان خەڵکی گوندی کانی وەتمانە (گوندێکە کەوتووەتە شارۆچکەی خەلەکان لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی) و دایکیشی خەڵکی چینە و ناوی (مۆنا لی)یە. ئەوان لە ساڵی 2009 ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و خاوەنی دوو کوڕن بەناوەکانی (دارین تەمەن 10 ساڵ) و (دیلان تەمەن 7 ساڵ).

 

 

هونەر حەمید، باوکی دیلان دەڵێت "کوڕەکەم بەهۆی ئەوەی یەکەم بووە چەندین خەڵاتی گرانبەهای پێبەخشراوە لەوانە کۆمپانیای فێراری ئۆتۆمبێلێکیان بە دیاری پێبەخشیوە، بەڵام دوای ئەوەی دەبێتە 18 ساڵ ئینجا ئۆتۆمبێلەکەی پێدەدەن، چەند کۆمپانیایەکی بواری فیلمیش گرێبەستیان لەگەڵ دیلان کردووە، بۆ ئەوەی وەک ئەکتەر لە فیلمەکانیادا رۆڵ بگێڕێت". 
 
دەشڵێت "کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی فیلم بەناوی (int_star) بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستی لەگەڵ دیلان کردووە بۆ ئەوەی وەک ئەکتەر رۆڵ بگێڕێت".
 
دیلان لەکاتی بەڕێوەچوونی پێشبڕكێکە گۆرانییەک دەڵێ باوکی ئاماژە بەوە دەدات کە کوڕەکەی دەنگی زۆر خۆشە و حەزی بە گۆرانی گوتن دێت".
 
فیستیڤاڵی سۆیا ساڵانە لە وڵاتی چین بەڕێوەدەچێت، چەندین براندی بەنێوبانگی وەکو گوچی GUCCi، بوربێری Burberry و کێنزۆ KENZO  سپۆنسەری سەرەکی فیستیڤاڵەکەن.

 

 

دیلان و باوکی