تیروپشك بۆ ناوی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەكرێت


رووداو - هەولێر
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانە دەكەن كە ئەمساڵ بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەچنە شارەکانی مەککە و مەدینە و دەڵێ، تیروپشكەكە بۆ ناوی ئەو 72 هەزار كەسە دەكرێ كە پێشتر ناویان تۆماركراوە.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەكشەممە 19-1-2020 لە شاری هەولێر تیروپشك بۆ ناوی حاجیانی ئەمساڵ دەكەن و گوتی "پێشتر 72 هەزار ‌و 202 كەس ناویان تۆماركردووە لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 500 كەس هەڵدەبژێرین".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا بڕە پارەی تێچووی حەجی ئەمساڵ یەكلایی نەكراوەتەوە.
 
ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستانەوە حەوت هەزار‌ و 130 كەس چوونە سعودیە ‌و فەریزەی حەجیان بەجێهێنا.