میوەی ئێرانی بەهۆی ژەهراویبوون لە چەند وڵات دەگەڕێندرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی چەند رۆژێکە لە وڵاتانی هیندستان، ئیمارات و رووسیا میوەی ئێرانی، بەهۆی ژەهراویبوونیان دەگەڕێندرێنەوە، یان لەنێو دەبردرێن. سەرۆکی سەندیکای میوەفرۆشانی ئێران دەڵێت؛ هۆکاری گەڕاندنەوەی ئەو بەرهەمانە ئەوە بووە کە بەهۆی بەکارهێنانی پەینی کیمیایی، جۆرە ژەهرێکیان تێدا بووە کە لە سیستەمی کۆنترۆڵی کوالێتیی ئەو وڵاتانە دەرنەچووە.
نزیکەی 50٪ـی میوەی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت. میوەفرۆشانی بازاڕی میوەی هەولێر دەڵێن؛ میوەی بەرهەمی ئێران خوازیاری زۆری هەیە و تا ئێستا هیچ مەترسییەکیان لەو میوەدا بەدی نەکردووە. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رووی کوالێتی و تەندروستییەوە، کۆنترۆڵی ئەو میوانە دەکات کە لە ئێرانەوە دێن.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەیەکە بە هۆکاری جیاواز، بەشێک لەو وڵاتانەی بەرهەمی کشتوکاڵیی ئێرانیان هاوردەکردووە وەک وڵاتانی عومان، قەتەر، هیندستان، رووسیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و پاکستان، هاوردەکردنی بەشێکیان راگرتووە، ماوەیەک لەمەوبەریش ئۆزبەکستان پەتاتەی هاوردەکراوی ئێرانی لەبەر "ژەهراویبوون" رەتکردبووەوە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "کاتێک بەرهەمێک لە ئاستی پێویست نەبوو لە رووی کوالێتییەوە ئەم بابەتانە رەتدەکرێنەوە، ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە. بە نزیکەیی رۆژانە ئێمە ئەمانە دەبینین و لە کەرەنتینەکانی خۆمان ئاگادار دەکرێینەوە لەسەر ئەم بابەتە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی هاوردەکردنی پەینی کیمیایی و ژەهری ئێرانیش رایگەیاندووە کە 23%ی ئەو ژەهرەی لە ئێراندا بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمە کوشتوکاڵییەکان زۆر مەترسیدارن.
بورهان شێخانی، دووکاندارێکە لە عەلوە و دەڵێت، "لەسەر سنوور کوالێتیی تەندرووستی هەیە، ئەگەر میوەکان لە رووی تەندرووستییەوە تەواو نەبن، چۆن دەبێ هاوردەبکرێت؟ سەوزە و میوەی خۆمان لەگەڵ هەموو دەوڵەتەکان جیاوازترە، خۆشترە و باشترە، بەس نییە و لێرە نیمانە ئێستا ئەم بیبەرانە هەمووی خانووی پلاستیکییە، خانووی پلاستیکیش ئەگەر حکومەت یارمەتیی جووتیار نەدات و پشتگیری نەکات جووتیار چۆن بیکات".
سەباح کاسبکارێکی دیکەی عەلوەیە و لە هەمان کاتدا باخداریشە، ئەو دەڵێت، "نیوەی بەرهەمەکان ئێرانین ئەوەی دیکە تورکییە و سووریە، پرتەقاڵ لێرەوە دەچووە کەلار لە کەلار دەچووە ئێران، بەڵام چەند ساڵێکی پێچوو ئێستا هیی ئێرانی دێت لەخۆی زیاد دەکات و دێتەوە ئێرە".
رەشاد حەمەد، دووکاندارێکە و دەڵێت، "هیچ کێشەی نییە ئێرانی ئێستا گەر حەزدەکەی یەک سندووق دابەش دەکەین و دەخۆین کەس کێشەی نییە، ئەوە چەند ساڵە نایخۆین! بۆ خواردن هیچ کێشەیەکی نییە، ئەی ئێران چۆن دەیخوا گەر کێشەی هەبێ؟"
شارەزایانی خۆراک پێیان وایە زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ژەهر و پەینی کیمیاوی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگە و ئاو، هەروەها مەترسی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤیش دروستدەکات.