دڵنیا رەزازی کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە سبەی شەو لە شاری هەولێر، خانمە هونەرمەند دڵنیا رەزازی کۆنسێرتێک سازبکات و وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، لە کۆنسێرتەکەدا بەشێک لە گۆرانییەکانی مەرزیە فەریقی و ناسر رەزازی دەڵێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2023، دڵنیا رەزازی لەکاتی ئامادەکاریی بۆ کۆنسێرتەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکەمجارە لە هەولێر کۆنسێرت دەکەم؛ بۆیە هەستێکی زۆر خۆشم هەیە؛ گرووپێکی زۆر بەتوانا و بەهرەدارم لەگەڵدایە و کۆمەڵێک گۆرانیم ئامادە کردووە کە هیوادارم ئامادەبووان بەدڵیان بن".
 
دڵنیا رەزازی کچی هونەرمەندی کۆچکردوو مەرزیە فەریقی و هونەرمەند ناسر رەزازییە و دەڵێت، لە کۆنسێرتەکەی سبەی شەودا بەشێک لە گۆرانییەکانی خۆی، دایک و باوکی و چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆر پێشکێش بە بەشداربووان دەکات.
 
هونەرمەندی کۆچکردوو مەرزیە فەریقی ئەلبومێکی گۆرانی نیوەتەواوی دوای خۆی جێهێشت کە دواتر دڵنیا رەزازی تەواوی کرد و بڵاوکرایەوە، لەدوای ئەمە هیچ ئەلبوومێکی گۆرانی دیکەی نەبووە، بەڵام ئەو خانمە هونەرمەندە دەڵێت، "بەنیازم لە ساڵی 2024 ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاوبکەمەوە".
 
دڵنیا رەزازی لەبارەی کۆنسێرتەکەی سبەی لە شاری هەولێر کە بڕیارە کاژێر 09:30 شەو بەڕێوەبچێت، گوتی، "ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدەم بۆ ئەو کۆنسێرتە بۆ ئەوەی پڕۆگرام و هەڵبژاردەی گۆرانییەکان جوان بن و ئامانجمان ئەوەیە تەنیا دڵی خەڵکەکەمان خۆش بکەین".