بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی گەورە هەزاران ماسی لە ئامێدی لەنێودەچن
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی ژینگەیی رایگەیاند، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی گەورە و گلدانەوەی ئاوەکە لە بەنداوی رەشاڤە لە شارۆچکەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی، هەزاران ماسی لەنێوچوون. دەشڵێت، "ئەوە بۆ جاری دووەمە کە رێژەی 90٪ـی ئاوەکە دەگیرێتەوە و دەبێتە هۆی لەنێوچوونی ماسی لە دەڤەرەکە."
رۆژی یەکشەممە 13-11-2022، شەهوان یوسف، سەرۆکی رێکخراوی هەناسە پڵاس بۆ پاراستنی ژینگە لەبارەی لەنێوچوونی هەزاران ماسی لە قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی شەممە، رێژەی 90٪ـی ئاوی رووباری زێی گەورە لە لای شارۆچکەی دێرەلووکی قەزای ئامێدی گیراوەتەوە بۆ پڕکردنی بەنداوی رەشاڤە، بەهۆیەوە بە هەزاران ماسی لە گوندەکانی دەورووبەری لەنێوچوون، ئەوەش بە هیچ پێوەرێکی زانستی و مرۆیی گونجاو نییە، چونکە گرتنەوەی ئاو بەو شێوەیە زیانی زۆری هەیە و دەبێت بە قۆناخ بکرێت."
گوتیشی، "سێ مانگ لەمەوبەریش هەمان کار کراوە و ئاوی زێی گەورە گیراوەتەوە کە بووە هۆی لەنێوچوونی هەزاران ماسی، دەبێت بەرپرسانی ئەو دەڤەرە لەبارەی ئەو رووداوە و لەنێوچوونی هەزاران ماسی دەڤەرەکە وەڵامیان هەبێت."
رۆژی یەکشەممە، سیروان سەعید محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە دەکەین و نابێت سامانی ماسی بەفیڕۆبدرێت و لە راستیی رووداوەکە دەکۆڵینەوە."