کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لە رووداو دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

سۆنگچۆل لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتەکانی ستیڤی، پیرۆزبایی لە رووداو دەکات.
 
لە پەیامێکی تایبەتدا کە بە نووسراو بۆ رووداو ناردوویەتی، لیم دەڵێت، "بە بۆنەی بردنەوەی سێ خەڵاتی نێودەوڵەتیی ستیڤی، لە ناخمەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم."
 
رۆژی هەینی، دامەزراوەی ستیڤیی ئەمریکی دوو خەڵاتی زێڕین و یەکێکی بڕۆنزی بە رووداو بەخشی. 
 
لیم لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەم دەستکەوتە گەورەیە گەواهیدەری پێداگری، داهێنکاری و کاری ماندوونەناسانەی ئێوەیە لە ئاسۆی میدیادا کە لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە."
 
کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور دەشڵێت: "هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم لە هەوڵەکانتاندا بۆ برەودان و داکۆکیکردن لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئومێدەوارم لە داهاتوودا کاری ناوازەی زیاترتان ببینم". 
 
لە بەرامبەر سەرکەوتنی ریکۆردشکێنی پۆرتاڵ و پێگەکانی رووداو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵاتی زێڕین بە بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ درا.
 
دووەم خەڵاتی زێڕین بۆ بەڵگەفیلمی "ساڵێک شەڕ" بوو کە لەلایەن دڵنیا رەحمان، پەیامنێر و ئەحمەد عومەر، وێنەگری رووداو لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بەرهەمهێندراوە.
 
هەروەها پڕۆژەیەکی هاوبەشی رووداو و ئاژانسی دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) بۆ راهێنان و پێگەیاندنی دەیان خانمە رۆژنامەڤان، خەڵاتی بڕۆنزی پێ درا.
 
12 هەزار بەربژێر کە پێکدێن لە کار و بەرهەمی دامەزراوە هەرە درەوشاوە نێودەوڵەتییەکان، کێبڕکێیان لەسەر خەڵاتەکانی ستیڤی کرد.
 
سێ هەزار و 600 پسپۆڕی بوارە جیاجیاکانی سەرانسەری جیهان هەڵسەنگاندنیان بۆ کارەکان کرد.
 
خەڵاتی ستیڤی، خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی سەنگین و بەناوبانگە. پێشتر لەلایەن CNN و NBC و BLOOMBERG و جەزیرە وەرگیراوە.
 
پار تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، خەڵاتی ستیڤیی زێڕینی وەک "کۆمپانیای ساڵ"ـی بەدەستهێنا.