عەلی حوسێن: کشانەوەی گۆڕان کاریگەری لەسەر حکومەت نابێت
دێسکی هەڵبژاردن
بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کشانەوەی گۆڕان یان هەر لایەنێکی دیکەش هیچ کاریگەری لەسەر حکومەت و کارەکانی نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەر، عەلی حوسێن، بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ هۆزی عوزێری کۆبووەوە و باسی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە هەڵبژاردن و دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی ''دووبەرەکی و نێوخۆیی زیانی بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان [گەیاندووە]، بۆیە دەبێت پاراستنی کوردستان و قەوارەکەی لەسەرووی هەموو شتێکەوە بێت''.
"نە کەس دەڕوخێنین و نە کەسیش لەنێو دەبەین"
عەلی حوسێن لەبارەی گوتاری بانگەشەی حیزبەکان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کەرناڤەڵەکان دەڵێت ''هەندێک سەرکردایەتی حیزبەکان لە سلێمانی خەریکە رێڕەوی رووداوەکان بەرەو ئاراستەیەکی خراپ و نائارامی دەبەن، بە هەڕەشە و هاتوهاوار خزمەتی خەڵک ناکرێت، ئێمە دژی هیچ لایەنێک نین و دەستی برایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین، نە کەس دەڕوخێنین و نە کەسیش لەنێو دەبەین، چونکە پارتی وەڵامی بانگەشەی زبر و قسەی نالۆژیکی ناداتەوە''.
عەلی حوسێن دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت بە خزمەتگوزاری وەڵامی خەڵکی بدەینەوە و داواکارین خەڵکی سلێمانی بە دەنگدان وەڵامی ئەو کەسانە بدەنەوە، کە خزمەتیان دەکەن و نابێت هەوڵبدەین خەڵک بە ترس و هەڕەشە ئێمەی خۆش بووێت، بەڵکو پێویستە بەهۆی خزمەتکردنەوە خۆمان خۆشەویست بکەین".
"گۆڕانکاری گەورە لە ئارادایە و دۆخی ئەم ناوچەیە دەگۆڕێت"
بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا، ''گۆڕانکاریی گەورە لەئارادایە و دۆخی ئەم ناوچەیە دەگۆڕێت و ئەوەی سەرکردایەتیی گۆڕانکاری دەکات، پارتییە و گۆڕانکاری لەم قۆناخە بۆ قۆناخێكی دیکە بە پارتی دەکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە کشانەوەی گۆڕان لەم کاتەدا تاوەکو چەند کاریگەری لەسەر کارەکانی حکومەت دەبێت؟ عەلی حوسین گوتی ''دەبێت هەموو لایەنەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، کشانەوەی گۆڕان یان هەر لایەنێکی دیکەش هیچ کاریگەری لەسەر حکومەت و کارەکانی نابێت و پۆستەکانی گۆڕان بە وەکالەت پڕدەکرێنەوە و کاروبارەکان بەڕێوەدەبەن و لە دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت، هەر لایەنە بەپێی دەستکەوتی خۆی و پێگەکەی پۆست وەردەگرێت".