بەدواداچوونی رووداو؛ کورد مەندەلی جێدەهێڵن و عەرەب شوێنیان دەگرنەوە
رووداو - مەندەلی
ساڵ بە ساڵ نەخشەی دیموگرافیی شاری مەندەلی لەبەرچاوی عومەر عەلی دەگۆڕێت؛ تادێت دانیشتوانی کورد چۆڵی دەکەن و عەرەب شوێنیان دەگرنەوە.
عومەر لە نووسینگەکەی لەسەر نەخشەیەک ئاماژە بەو شوێنانەی مەندەلی دەکات کە پێشتر دانیشتووانەکەی کورد بوون و ئێستا عەرەبن، دەشڵێ ئەمە دەرخەری ئەوەیە "کورد لە کەمی داوە."
لەو نووسینگەیەی خانووبەرە، لە هەشت مامەڵەی کڕینی زەوی لە مانگی رابردوو، شەشیان عەرەب بوون.
عومەر عەلی، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە لە مەندەلی دەڵێ "دەوروبەری مەندەلی هەمووی عەرەبە، پێشتر کورد زۆر خانوو، باخ و زەوییان دەکڕی، بەڵام ئەگەر خانوو بفرۆشی لە 10ـی، 8ـی عەرەب دەیکڕێت."
ئەگەر بەنێو شارەکەدا رێبکەی، دەبینی کەمترین سیمای کوردی لە شارەکە هەستیپێدەکرێت و قوتابخانەکانیش هەموویان بوونەتە عەرەبی.
عەدنان محەممەد، دانیشتووی مەندەلی دەڵێ، کورد "گشتی بۆ بەغدا، بەلەدڕووس و کەنعان رۆیشت. خۆت دەزانی ئێرە ئاوی کەمە."
جیهاد عاشوور، دانیشتوویێکی دیکەی مەندەلی دەڵێ "(مەندەلی)، کوردی کەمە، لەکاتێکدا پێشتر شارەکە هەمووی کورد بوو، بازاڕ گشتی کورد بوو، هەموو بە کوردی قسەیان دەکرد."
پێشتر بەرپرسی یەکەمی مەندەلی کورد بوو، ئێستا قایمقامێکی تورکمان جێی گرتووەتەوە، تەنانەت ئەویش دەڵێت کورد لە گوندەکان باریان کردووە.
مازن ئەکرەم، قایمقامی مەندەلی بە رووداوی گوت "مەندەلی تێکەڵەیەکی پێکەوەژیانە لە کورد، عەرەب و تورکمان. پەیوەندی لەنێوان هەموو ئەم پێکهاتانەدا برایانەیە. بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو، هیچ رووداوێک رووینەداوە لە جیاوازی و تایفەگەری کە پێشتر لە 2007ـدا روویان دەدا."
مەندەلی لە ساڵی 1947 کراوەتە قەزا و بە یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عێراق دادەنرێت، لە سنووری شارۆچکەی مەندەلی 78 گوندی کورد هەن، زۆرینە کوردی فەیلین و لە ساڵی 1975 بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون.
تەعریبی ساڵی 1975 هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 دیموگرافییای ئەو شارە کوردییەیان بەتەواوی گۆڕیوە، بەپێی ئاماری قایمقامیەتی قەزای مەندەلی، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە نزیکەی 32 هەزار کەس دەبێت، کە بەم شێوەیە دابەش بووە؛ عەرەب 20 هەزار، کورد 7 هەزار و تورکمان 5 هەزار.