سەربازێکی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە ئەنجامی هێرشیکی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
ئەمرۆ هەینی، 13-10-2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی سەربازێکی بە ناوی موسا ئەسات کایا لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئەو سەربازە رۆژی 12ی ئەم مانگە لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکەدا کوژراوە و ئاماژە بەوەش دەکات، سەربازەکە خەڵکی شاری کۆنیایە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانیاندا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لە رۆژانی 1 و 3 و 4ی تشرینی یەکەمی 2023دا 109 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگەش کە باڵی چەکداریی پەکەکەیە دوێنێ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە 24 کاژێردا گەریلاکانیان لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 18 سەربازی تورکیا کوژراون.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 703 گەریلا و کوژرانی 107 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 22 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 386 گەریلای راگەیاندووە.