لە رووهای باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 25ـی دیکەش برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 25ـی دیکەش برینداربوون. رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، لەسەر رێگەی سەرەکی روها- وێرانشار روویدا.
لە رووداوەکەدا پاسێکی نەفەر هەڵگر و ئۆتۆمبیلێک پێکیاندادا و لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا پاسەکە وەرگەڕا. بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 25ـی دیکەش برینداربوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمی تەندروستی و ئەمنی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. بریندارەکان گواسترانەوە نەخۆشخانەکانە حکومەییەکان لە شارۆچکەی وێرانشار و ناوەندی شاری رووها.
بەگوێرەی راگەیێندراوێك کە رۆژی یەکشەممە، هەشتی تشرینی یەکەمی 2023، لەلایەن بەشی هاتووچۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە 411 هەزار و 675 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە، لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 253 کەس گیانیان لەدەستداوە و 269 هەزار و 91 ـی دیکەش بریندار بوون.
ساڵی 2022ـش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291 هەزار 151 کەسی دیکەش برینداربوون.