ئەمریکا جەختدەکاتەوە لەم کاتەدا پشتیوانی لە هەڵبژاردن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی لەم کاتەدا پشتیوانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناکات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕوای وایە هێشتا هەلومەرجی پێویست بۆ هەڵبژاردنی ئازاد، دادپەروەر، شەفاف و هەمەلایەن لە سووریا، بە باکووری رۆژهەڵاتیشەوە، لەبار نییە".
 
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە 5ی ئەیلوول، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لقەکانی خۆی راسپاردن کە هەر ناوچەیەک بارودۆخ لەبار بوو، بە جیا کاتێک دیاری بکەن و شارەوانییەکانیان هەڵبژێرن. 
 
لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن "پشتیوانی لە راگەیێندراوی ئەم دواییەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناکات کە تێیدا داوای لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کردبوو خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئامادە بکات".
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەشی هەرە زۆری رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە و لە لایەن ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتەوە (مەسەدە) کە زۆرینە کوردییە، بەڕێوەدەبردرێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، باڵی سەربازیی مەسەدەیە، هاوبەشی نزیکی ئەمریکایە و نزیکەی چارەکێکی خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانی لەژێر کۆنترۆڵدایە. 
 
سەرەتا بڕیاربوو لە 11ی حوزەیران خەڵکی کانتۆن و شارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بچنە ناوەندەکانی دەنگدان و شارەوانییە نوێیەکانیان هەڵبژێرن. بەڵام دوای دژایەتیی توندی تورکیا و داواکاریی ئەمریکا بۆ دواخستنیان، بڕیاردرا دوابخرێن. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینیدا دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام رایگەیاندووە کە هەر هەڵبژاردنێک لە سووریا بکرێت، پێویستە ئازاد، دادپەروەر، شەفاف و هەمەلایەن بێت و لەگەڵ بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکبگرێتەوە. لەم کاتەدا هەلومەرج بۆ هەڵبژاردنێکی لەم شێوەیە لە سووریا، بە باکووری رۆژهەڵاتیشەوە، لەبار نییە".
 
رووداو زانیویەتی کە پێش چەند هەفتەیەک، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تاوتوێی دواخستنی هەڵبژاردنەکەی بۆ کاتێکی نادیار کردووە، لە کاتێکدا تورکیا هەڕەشە دەکات کە ئەگەر دەنگدانەکە بکرێت، هێرشی زەوینی دەکاتە سەر ناوچەکە. 
 
سکرتێری یەکێک لە پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان کە نەیویست ناسنامەی ئاشکرابکرێت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە 20ی ئاب، بە رووداوی راگەیاند، "پێمانوایە ناکرێت ئەم هەڵبژاردنانە لەم کاتەدا بکرێن. پێویست بە دیاریکردنی هیچ کاتێک ناکات".
 
ئەو کەسایەتییە گوتیشی، "رۆژئاوا [ـی کوردستان] بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا دەڕوات. پیویستە هەڵبژاردنەکان بۆ کاتێکی گونجاو دوابخەین بۆ ئەوەی پڕۆسەیەکی سەرکەوتوومان هەبێت".
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کە لە ژمارەیەک پارتی ئۆپۆزسیۆنی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێکدێت، بڕیاریداوە هەڵبژاردنەکە بایکۆت بکات. 
 
ئەنەکەسە دان بە رەوایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دانانێت و بەشێکە لە هاوپەیمانییەکی گەورەتری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ناوی "هاوپەیمانیی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا" کە دژبەری حکومەتی دیمەشقن و لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن. 
 
کۆتایی مانگی ئایاری ئەم ساڵ، سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە بە رووداوی راگەیاند، هەڵبژاردنەکان "دادپەروەر نابن".
 
هۆکاری ئەوەش، بە گوتەی خۆی، ئەوەیە شەڕڤانان و ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "ناچار دەبن" دەنگ بە پارتی فەرمانڕەوا بدەن، کە مەبەست لێی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)یە. 
 
پەیەدە باڵی سیاسیی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"یە، کە بە بڕبڕەی پشتی هەسەدە دادەنرێت.