خوێندنی کوردی لە خانەقین خەریکە ماڵئاوایی دەکات؛ 'ئەمساڵ تەنیا 98 قوتابیی پۆلی یەک هەن'
رووداو - خانەقین
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندن لە خانەقین، بەبێ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، دەرگای پۆلەکان کرایەوە. لە یەکێک لە قوتابخانەکان ساڵی رابردوو 15 قوتابیی پۆلی 1ی سەرەتایی هەبوون، بەڵام ئەمساڵ تەنیا دوو قوتابی هەن. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت، بێ مووچەیی و بایکۆتی مامۆستاکان هۆکار بوون بۆئەوەی هاونیشتمانییان منداڵەکانیان نەنێرن بۆ خوێندنی کوردی.
خالید عەبد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ژیر لە خانەقین دەڵێت، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، ئەگەر مامۆستایان بگەڕێنەوە ئێمە پشتیوان بە خودا ئەمساڵ دەوامی خۆمان دەکەین، ساڵی پار 15مان وەرگرت، ئەمساڵ تائێستا دوو قوتابییە."
خوێندنی کوردی خەریکە ماڵئاوایی لە خانەقین دەکات، دایکان و باوکان زۆرینەی قوتابییەکانیان دەنێرنە ئەو قوتابخانانەی خوێندن تێیاندا بە زمانی عەرەبییە.
ئەحمد فەرحان، قوتابی ئاماژە بەوە دەکات، "دەڵێن بیخە قوتابخانەی عەرەبی، قوتابخانەی کوردی داهاتووی نییە. دایکم هیچ قسە ناکات، باوکم خستمیە ئەم قوتابخانە، بۆ من باشە."
محەممەد زۆراب، قوتابی ئەوەی خستەڕوو، "من لە قوتابخانەی کوردی بووم، لەسەر پارێزگای دیالە، لەوێ هەتا پۆلی شەش هەبوو، هاتمە ئەم قوتابخانەیە، هاوڕێکانم چوون بۆ عەرەبییەکە."
مامۆستا نێچیروان ساڵی پار لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای دیکە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەیان هەبوو بەناوی "بەڵێ بۆ خوێندنی کوردی،" بەڵام ئەمساڵ بێهیوان و وازیان هێنا.
نێچیروان حەکیم، مامۆستا دەڵێت، "ئەمساڵ کەمپینی بەڵێ بۆ خوێندنی کوردیمان نەکرد، چونکە روومان نەبوو لە خەڵکی داوا بکەین منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندنی کوردی. خوێندنی کوردی ئەو هەموو کێشەی هەیە؛ نەبونی مووچە و بایکۆتی مامۆستاکان. کێشە لەسەر خوێندنی کوردی زۆرە لە ناوچەکە، بۆیە شەرمەزار دەبووین ئەگەر داوا لە خەڵکی بکەین منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندنی کوردی."
بەپێی ئاماری پەروەردەی خانەقین و پەروەردەی دیالە، ساڵی پار پەروەردەی خانەقین 200 قوتابیی پۆلی یەکیان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ کەم بووەتەوە بۆ 98 قوتابی.
لە پەروەردەی دیالە ساڵی پار 252 قوتابی خراونەتە بەر خوێندنی کوردی، لە بەرامبەردا 3570 قوتابیی کورد چوونەتە قوبخانە عەرەبییەکان.