فەرەیدوون عەبدولقادر: ئەو هێزانەی پشت بە بەغدا دەبەستن پەشیمان دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سیاستڤانێکی کورد دەڵێت، رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغدا زیانی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەدات. دەشڵێت، ئەوانەی پشتیان بە بەغدا بەستووە، پاشگەزدەبنەوە.
فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "نەدەبوو کوردستان هەموو زانیاری و داتاکانی رادەستی بەغدا بکات، چونکە حکومەتی عێراق هیچ داتایەکی خۆی پیشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە، ئەگەر بڕیار وایە حکومەتی پێکەوە کارکردن بێت، دەبێت هاوسەنگی هەبێت نەک تەنیا تۆ هەموو زانیارییەکانت پێشکێش بکەی."
فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێت، لە دەستووردا مافی سەرپەرشتی، ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان بە هەرێمی کوردستان دراوە، پێدانی دۆسیەی نەوت بە عێراق هەڵەیەکی گەورە بوو، چونکە کورد فرۆشتنی نەوتی بە کۆمپانیای سۆمۆ داوە، کە بەهۆی فرۆشتنی ئەو نەوتەوە کورد توانیویەتی کاری دیپلۆماسی گەورە بکات و لەگەڵ چەندین وڵات.
ئەو سیاسەتڤانە گوتیشی، "نەریتی خۆخۆری و یەکدی قبووڵنەکردن لە نێو کورددا رەگێکی لە مێژینەی هەیە" و پێیوایە هەر ئەوەش هۆکاری بەشێکی زۆری گرفتەکانی ئێستایە. فەرەیدوون عەبدولقادر داوا لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات هەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە و دەڵێت، "داوا لە کاک مەسعود و پارتی دەکەم 'تەنازول' بۆ هێزەکانی دیکە بکەن و کۆیان بکەنەوە و تەنازولکردن لەپێناو خەڵکی خۆتدا کارێکی خراپ نییە". دەشڵێت، پێویستە هەموو لایەنەکان دەنگیان بکەنە یەک بەرامبەر ئەوەی هەڵوێستانەی بەغدا ئەگەر وا نەکەن ئەو گوشارانە لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن.
لەبارەی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێت، "کێشەی کورد لەگەڵ حكومەتی عێراق تەنیا لەسەر مووچە نییە، بەڵکو لە بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی عێراقەوە ئەو کێشەیە هەیە، لەوەتەی کورد هەیە کێشەی لەگەڵ عێراق هەیە، لەو کاتەوەی حکومەت لە عێراقدا هەیە پەلاماری کوردستان دەدات، حکومەتەکانی عێراق سیاسەتێکی تووندووتیژیان بەرامبەر بە کورد پەیڕەو کردووە بۆ ئەوەی کورد دەستەمۆ بکەن."
سیاسەتڤانە کوردەکە پێیوایە کە "دەبێت لە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی عێراق تێبگەین، لە بری ئەوەی چووینەوە بۆ بەغدا بۆ دروستکردنی دەوڵەت و حکومەت، دەبوو هەوڵمان بۆ خۆمان بدایە و پەلەمان کرد لە گەڕانەوە بۆ بەغدا، کورد ئەگەر کیانێکی بۆخۆی دروستکردایە ئەمریکاش رێزی لێدەگرت، نابێت دەرفەتە مێژووییەکان لەبەر ترسی نێودەوڵەتی لەدەست بدەین. ئەو ململانێی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت، چونکە ئەوانەی ئێستا عێراق بەڕێوەدەبەن لە کۆمەڵگەیەکدا نەژیاون ژیانی دیموکراتی تێدابووبێت، بڕواشیان بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان نییە."