سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی: بایکۆتمان دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، "لە کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆوە بایکۆتی ناوەندەکانی تەندروستیمان کردووە و داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانمان دەکەین."
رۆژی چوارشەممە 13-09-2023، هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەکان، نوێنەری پزیشکانی گەنج و پزیشکانی تایبەتمەند کۆبووینەوە و بڕیارماندا تەنیا لە شوێنە هەستیارەکان و فریاکەوتنەکان دەوام بکەین."
بە گوتەی هاوژین عوسمان، لە سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی، بنکە، مەڵبەند، سەنتەرە تەندروستییەکان، نەخۆشخانەکان و سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان کارکردن رادەگرن و دەڵێت، "لە شوێنە هەستیارەکان دەوام دەکەین، وەک فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار، منداڵان و منداڵبوون، نەخۆشخانەی سووتاوی، بانکی خوێن و بوژانەوەی دڵ، شۆردنەوەی گورچیلە، چاودێری ورد بۆ ئەو کەسانەی لە ژێر هەناسەی دەستکردان و ئەمبۆڵانسەکان 122 و نەخۆشخانەی هیوا."
هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هاوژین عوسمان گوتی، پێیانوایە بە ئەرکی خۆیان هەستاون و هەڵوێستەکەیان هیچ شیکارێکی سیاسی هەڵناگرێت و دەشڵێت، "تاوەکو هەفتەی داهاتوو وەڵامی داواکارییەکانمان بدرێتەوە."
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوت و هەشت دابەشنەکراوە، ئەو لەکاتێکدایە مووچەی هەردوو مانگ لە پارێزگاکانی عێراق دابەشکراوە.