ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، بۆ ئەم ساڵی خوێندن یەک ملیۆن و 633 هەزار و 125 قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە زۆرترینیان لە هەولێرن.
قوتابییەکان بەم جۆرە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشبوون: هەولێر 493 هەزار و 669 قوتابی؛ سلێمانی 363 هەزار و 258 قوتابی؛ دهۆک 407 هەزار و 211 قوتابی؛ هەڵەبجە 24 هەزار و 635 قوتابی؛ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 75 هەزار 877 قوتابی؛ ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 89 هەزار و 955 قوتابی؛ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 79 هەزار و 435 و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 91 هەزار و 730 قوتابی؛ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەت 7355.
ئەم ئامارە لەکاتێکدایە بەگوتەی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی قوتابیان لە سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن (2023 - 2024)، ملیۆنێک و 921 هەزار و 931 قوتابییە.
بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024، لە هەرێمی کوردستان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک 152 هەزار و 890 مامۆستا هەن کە بەشێکیان هەمیشەیی، وانەبێژ و بەشێکی دیکەیان گرێبەستی حکومی و ناحکومین. دابەشبوونی مامۆستایانی وانەبێژ و هەمیشەیی بەم شێوەیەیە: پارێزگای هەولێر 31 هەزار و 686 مامۆستای هەمیشەیی و حەوت هەزار و 319 وانەبێژ؛ پارێزگای سلێمانی 29 هەزار و 401 هەمیشەیی و هەشت هەزار و 434 مامۆستای وانەبێژ؛ دهۆک 21 هەزار و 939 هەمیشەیی و 11 هەزار و 380 مامۆستای وانەبێژ؛ هەڵەبجە سێ هەزار و 823 هەمیشەیی و 542 وانەبێژ.