کارگێڕیی ئاسایشی سلێمانی راگرتنی کاری نزیکەی 1000 نووسینگەی خانووبەرە رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە نووسینگەکانی خانووبەرە دەڵێن، بە بڕیاری ئاسایشی سلێمانی کاری بەشێکیان راگیراوە. خاوەنی نووسینگەیەک دەڵێت، "ئاگادار کراوینەتەوە کە نابێت هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن بە زەوی بکەین." بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئاسایشی سلێمانییش دەڵێت، "ئاگادار نیم بڕیارێکی لەو شێوەیە دەرکرابێت، ئەگەر بڕیارێکی لەو جۆرە هەبووایە من ئاگادار دەبووم."
ئاوات عەزیز، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاسایشی سلێمانی 6ی ئەم مانگە ئاگاداری کردینەوە کە نابێت هیچ مامەڵەیەکی کڕین، فرۆشتن و بەکرێدانی زەوی و خانوو بکەین، ئەوەش کارەکانی راگرتووین، چونکە کاری نووسینگەکان لەگەڵ ئاسایشە، لەوێ گرێبەستەکان مۆر دەکرێن و ئەوان سەرپەرشتیی دەکەن."
بە گوتەی ئەو خاوەن نووسینگەی خانووبەرە، ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەوە "بڕیاری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانییە" و ئەوانیش جێبەجێی دەکەن. دەشڵێت، "بڕیارەکە کاری نزیکەی 1000 نووسینگەی خانووبەرەی لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری راگرتووە."
بەڵام ئاسایشی سلێمانی رەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێکیان دەرکردبێت بۆ راگرتنی کاری نووسینگەکانی خانووبەرە. خالید ماوەتی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئاگادار نیم بڕیارێکی لەو جۆرە دەرکرابێت، من بەڕێوەبەری کارگێڕیم و ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە درابێت ئاگادار دەبووم."
سیروان عوسمان، کە ئەویش خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەیە لە سلێمانی، بە رووداوی گوت، "ساڵانە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار باج بە حکومەت دەدەم، ئێستا ئاگادار کراوینەتەوە کە نابێت کاری یاسایی خۆمان بکەین، ئەوەش بە نووسراوی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانییە کە ئاگاداری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیی کردووەتەوە کە نابێت نووسینگەکان گرێبەست بکەن، تاوەکو خۆمان ئاگاداریان دەکەینەوە."
راگرتنی کاری نووسینگەکان لە کاتێکدایە، رۆژی 16-08-2022 هێزێکی کۆماندۆ لە دەوروبەری باڵەخانەی شارەوانیی سلێمانی جێگیر کران، هەمان رۆژ فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، "لە ماوەی رابردوودا لەلایەن چەند بەرپرسێکی نابەرپرسی حیزبی و حکومی لەژێر گوشاری هەڕەشە، دەستیان بە ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیرکردنی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان کردووە."
هەر لەسەر ئەو دۆسیەیە، لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاریدا سەردانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، بەڵام نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێک.
رۆژی یەکشەممە 04-09-2022، رزگار محەممەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سەردانەکانیان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە رووداوی راگەیاند، "سەردانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و گەرمیانمان کرد، بەڵام نەگەیشتین بە هیچ ئەنجامێک، چونکە وەڵامێکی دروستمان لە بەرپرسانی ئەو سنوورانە وەرنەگرت."