ساڵانە 1715 تۆن هەنگوین لە پیرانشار بەرهەم دەهێنرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کشتوكاڵی شاری پیرانشاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە هەزار و 715 تۆن هەنگوین لە سنووری شارەکە بەرهەم دەهێنرێت.
 
عومەر عەلیپوور، بەڕێوەبەری کشتوكاڵی پیرانشار رایگەیاند، رووبەری سەوزایی پیرانشار 161 هەزار هێکتارە، بۆیە ناوچەکە زۆر گونجاوە بۆ هەنگەوانی.
 
عومەر عەلیپوور دەڵێت، "ساڵانە زیاتر لە هەزار و 715 تۆن هەنگوین لە سنووری پیرانشار بەرهەم دەهێنرێت کە هەزار و 250 تۆن لەو هەنگوینە لە لایەن هەنگەوانانی پیرانشار و 465 تۆنیش لە لایەن هەنگەوانانی شارەکانی دەورووبەر کە مێش هەنگەکانیان دە‌هێننە سنوورەکە بەرهەمدەهێنرێت."
 
لە سنووری شاری پیرانشار 67 هەزار و 500 پوورەی هەنگ هەن و 237 کەس خەریکی بەخێوکردنی مێش هەنگن.
 
پێشووتر خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاندبوو، پارێزگای ورمێ لە رووی بەرهەمهێنانی هەنگوین لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت و نزیکەی 24%ـی هەنگوینی ئێران لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.
 
رۆژی 27-12-2023، پەرویز بوستانچی، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری باشترکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان رایگەیاند، ئەم ساڵ 30 هەزار و 360 تۆن و ساڵی پێشتریش 30 هەزار تۆن هەنگوین لەو پارێزگایە بەرهەم هێنراوە.