لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئامەد 7 هاونیشتمانی برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەد ـی باکووری کوردستان لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل 7 هاونیشتمانی برینداربوون.
رووداوەکە درەنگانی شەوی دووشەممە 12ـی ئاب لە سنووری شارۆچکەی چەرمیک روویدا.
دوو ئۆتۆمبێل کە ژمارە و ناوی شۆفێرەکانی نەزانراوە پێکیاندادا و بە هۆیەوە 7 هاونیشتمانیی نێو هەردوو ئۆتۆمبێلەکان برینداربوون.
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی و جەندرمە بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی چونگوش و چەرمیک.
بە گوێرەی زانیارییەکان تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمە لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی 11 ـی ئاب رایگەیاند، لە یەک هەفتەدا نزیکەی نیو ملیۆن شۆفێر لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی سەرپێچییەوە سزادراون.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ساڵی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستدا و 354 هەزار و 323 کەسی دیکە بریندار بوون.