ئاسایشی سلێمانی هەشت کەس دەستگیردەکات؛ "ویستوویانە وەڵامی تاقیکردنەوە بە قوتابیان بڵێن"
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی رایگەیاند، هەشت تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە دەیانویست وەڵامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ئامادەیی بە خوێندکاران بڵێن.
رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەتۆمەتی غەش و پێ گوتنەوەی پرسیارەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی چەند تۆمەتبارێک دەستگیرکران و دەستبەسەر چەندین ئامێری بێتەل گیراوە."
بەگوێڕەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، "هێزەکانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، لەسنووری قەزای چەمچەماڵ ئەو هەشت تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە دەیانویست لە رێگەی ئامێری بێتەلەوە، وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12 بە بەشداربووانی تاقیکردنەوەکان بڵێنەوە، ئەو ئامێرانەش کە بەنیازبوون بەکاریبهێنن، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستیبەسەرداگیراوە."
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتباران بەمادەی (240) لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەڕێوەچوو کە بەشی زانستی تاقیکردنەوەی فیزیا و بەشی مێژوو تاقیکردنەوەی جوگرافیای هەبووە.