نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان مانگێک درێژدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی نەیانتوانیوە کارتی بایۆمەتری دەربکەن لە ماوەی ئەو مانگەدا بۆیان دەربکرێت و بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 12-08-2023 بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 13ـی تەممووزەوە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام ئەمڕۆ دوایین وادە بوو لە پارێزگاکانی عێراق، چونکە ئەوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو، بڕیارە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ ماوەی یەک مانگ درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بایۆمەترییان نییە لەو مانگە بۆیان دەربکرێت و بتوانن لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەنگ بدەن."
لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 312 هەزار و 601 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و کارتی بایۆمەترییان هەیە. بۆتان شێرکۆ جاف دەڵێت، لە ماوەی ئەو مانگە کە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەردەوام دەبێت، هەرکەسێکی دیکە سەردان بکات و بایۆمەتری بۆ دەربکرێت ناوی زیاد دەکرێتە سەر ناوی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە، واتا ئەوانیش لە رۆژی هەڵبژاردن ناویان هەیە و مافی دەنگدانیان هەیە.
بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 50 هەزار دەنگدەر تۆماری دەنگدەرانیان نوێکراوەتەوە، کە بەشێکیان ئەوانەن کە شوێنیان دەگوازنەوە، بۆ نموونە لە سۆرانەوە دەچێتە هەولێر، ئەوانەی بایۆمەترییان نییە و بۆیان دەردەکرێت و ئەوانەش کە لەدایکبووی 2005ن ناویان زیاد دەکرێت.
لەبارەی ئەو کەسانەی کارتی بایۆمەترییان بۆ دەرکراوە، بۆتان شێرکۆ دەڵێت، لە 13ـی تەممووزەوە تاوەکو ئێستا 28 هەزار کەس کارتی بایۆمەترییان بۆ دەرکراوە، واتا 70٪ـی دانیشتووی هەولێر کارتی بایۆمەترییان بۆ دەرکراوە و ئەوانەی دیکە لە ماوەی ئەو مانگەی کە درێژکراوەتەوە دەتوانن سەردان بکەن و ئەوانیش بایۆمەتری دەربکەن.
بە گوتەی بۆتان شێرکۆ جاف، کۆمیسیۆنی عێراق ئاسانکاری بۆ دەرکردنی کارتی بایۆمەتری کردووە. دەشڵێت، "لە هەموو پاریزگاکان کارتی بایۆمەتری دەردەکرێت، واتا دەنگدەرێک ئەگەر دەنگدانی لە بەغداد بێت و بیەوێت کارتی بایۆمەتری دەربکات و لە هەولێر بێت، ئەوان دەتوانن لە هەولێر بۆی دەربکەن و شوێنی دەنگدانەکەی لەبەغدا دادەنێن و کارەتەکەی دەردەکات و رۆژی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بەغدا دەنگی خۆی دەدات".