10 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چەکی 10 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و هەوڵ دەدرێت ئەم هەفتەیە دابەشبکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەغدا چەکی بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ هەرێمی كوردستان نارد کە بڕەکەی 10 ملیار دینار دەبێت. کۆی گشتیی ئەو پارەیەی تاوەکو ئێستا بۆ گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردراوە دەگاتە 70 ملیار دینار."
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "جگە لەوەی چەکەکەی گەیشتووە، دەست بە رێکارە کارگیڕییەکانیش کراوە. هەوڵ دەدەین ئەم هەفتەیە ئەو پارەیە دابەش بکرێت."
3 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر، 5 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 2 ملیار دیناریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆك دەبێت.
وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان لە 6ی مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە بۆ 45 رۆژ بەردەوام بێت.
بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
بە گوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمەکەی وەرگرت.