رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە زاخۆ؛ 'کەسێک گیانی لەدەستداوە و 29 کەسیش بریندارن'

وێنەی ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی لە زاخۆ پێکیانداداوە. وێنە: تایبەت بە رووداو
رووداو دیجیتاڵ

رووداوێکی گەورە و سەختی هاتووچۆ لەنزیک تونێلی زاخۆ روویدا، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکە تائێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و 29 برینداریش تۆمارکراون.

رۆژی پێنجشەممە 13-07-2023 ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی گرشین لە نزیک تونێلی زاخۆ رووداوێکی گەورەی هاتووچۆ روویداوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و زیاتر لە 29 کەس بریندار بوون."

بە گوتەی ئەمیر عەلی، ئەو 29 کەسەی بریندار بوون، نۆ کەسیان ئافرەتن و 20ـەکەی دیکەیان پیاون، ئەو کەسەش کە گیانی لەدەستداوە پیاوە و تەمەنی 30 ساڵە، "رووداوەکە لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت روویداوە."
 
بەشیر یوسف، بەرپرسی راگەیاندنی ھاتووچۆی زاخۆ رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 10:30 خوولەکی بەیانیی ئەمڕۆ لەنێوان بارهەڵگرێکی جۆری "کیا دووتەنی" و "مێرسیدسێک" بووە، جگە لە گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 29 کەسی دیکەش، زیانێکی مادیی زۆر بە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.
 
 
گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ گوتیشی، "ئەو کەسانەی کە بریندار بوون، هەموویان کرێکاری کشتوکاڵین و کاری کشتوکاڵی دەکەن."

سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکانیش، ئەمیر عەلی ئەوەی خستەڕوو، "لەژێر چاودێریدان، هەر کەسێکیان پێویستیان بە نەشتەگەریش بێت، راستەوخۆ نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت و چارەسەر وەردەگرن."