زانکۆکانی سلێمانی، دهۆک و گەرمیان دەڵێن پارە نییە بۆ دەرماڵەی خوێندکارەکانیان

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، ئێستا پێشینە بۆ مووچەیە و پارە لەبەردەست نییە بۆ دابەشکردنی دەرماڵە. سەرۆکی زانکۆی دهۆکیش دەڵێت "بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانمان نەدراوە"، هەرچی زانکۆی گەرمیانە چاوەڕێی سیولەیە لە بانکەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەی داهاتوو دەرماڵەی چوار مانگی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین بەیەکەوە دابەش دەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 13-07-2023 د. داود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵە نەدراوە، ئێمە داواکاریمان بەرزکردووەتەوە و چووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە و پرسیارمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش کردووە، ئەوان دەڵێن، ئەگەر بڕیار دەربچێت بۆ هەموو زانکۆکانە، نازانین چۆن لە زانکۆی سەلاحەدین بڕیاری لێدراوە".
 
لە زانکۆی دهۆک 23 هەزار خوێندکار سوود لە دەرماڵە وەردەگرن. سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، "بۆ سێ زانکۆ چەک دەرچووە و واژۆ کراوە، بەڵام زانکۆی دهۆکی تێدا نییە، ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتین".
 
دیار نییە کەی لە زانکۆی گەرمیانیش دەرماڵەی خوێندکاران دابەشدەکرێت. دکتۆر فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیار بۆ خەرجکردنی دەرماڵە دەرکراوە و، چەکی بانکیش ئامادەیە، چاوەڕێی سیولەین لە بانکەکان بۆ ئەوەی پارەکە خەرجبکرێت".
 
د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی دەرماڵە دابەشبکرێت، بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەیە بۆ خەرجکردنی دەرماڵە کە لە رابردوو دەرکرا، بەڵام تائێستا کەس نازانێت بەغدا پارە دەنێرێت یان نا بۆیە ئێستا پێشینە بۆ دابینکردنی مووچەیە و پارەی پێویست نییە بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، دابینکردنی دەرماڵە بە گوێرەی داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەک دابین ناکات. 
 
خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، دهۆک و گەرمیان لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 12-07-2023، زانکۆی سەلاحەدین راگەیێندراوێکی لەبارەی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەژێر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی پ. ی. د. کامەران یونس محەممەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، دەرماڵەی چوار مانگی قوتابییان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023 بەیەکەوە دابەشدەکرێت.
 
دکتۆر کامەران یونس محەممەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەوبارەوە بە رووداوی گوت، دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2022، هەروەها مانگی کانوونی دووەمی 2023 بەیەکەوە خەرج دەکەن.
 
نزیکەی 21 هەزار خوێندکاری زانکۆی سەلاحەدین لە پاڵپشتیی دارایی سوودمەند دەبن. سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، "پارەکە خەرجکراوە و لە بانک کراوەتە چەک و هەفتەی داهاتوو قوتابییان دەتوانن دەرماڵەکانیان وەربگرن".
 
رۆژی چوارشەممە، 22-2-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەک پاڵپشتی بۆ قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023. 
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021 و 2022ـە و لەسەر بودجەی زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان دەکرێت.
 
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.