دژی وەرگرتنی 'پارەی پشکنین' ژمارەیەک جووتیار هێرش دەکەنە سەر تاقیگەی عەلوەی سلێمانی

 
رووداو - سلێمانی

لەلایەن ژمارەیەک جووتیارەوە هێرش کرایە سەر کۆمپانیایەکی تایبەت بە تاقیگەی پشکنینی سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانی و جگە لە شکاندنی ژمارەیەک کەلوپەلی تاقیگەکە، کارێیان پێ راگرتن. جووتیارەکان دەڵین، چەند کارمەندێکی کۆمپانیاکە لە دوو  جووتیاریان داوە کە باری خەیاریان هێناوەتە عەلوە و گوتوویانە پارەی پشکنین نادەن.
 
توانا سدیق، جووتیار دەڵێت، "ئەمساڵ خەیارم چاندووە، هەر کیلۆیەک 325 دینار لەسەرم دەکەوێت بە پارەی کرێکار و بەنزین و نایلۆن و کرێی گواستنەوە و مەسروفی تەواوەوە تاوەکو عەلوە، کەچی ئێستا هێناومە کیلۆی 70 دینار دەکەوێت، کە باشترین جۆری خەیارە، من دوێنێ یەکێک لە بارەکانم 30 دیناری کردووە."
 
ئەو جووتیارە باسی لەوەش کرد، "هەموو رۆژێک 150 بۆ 200 هەزار دینار زەرەر دەکەم، کەچی کۆمپانیایەکیش هاتووە هەر بارێک پێنج هەزار دینارمان لێ وەردەگرێت، کەسیش نازانێت پارەکە بۆ کێیە و بۆ کوێیە. خۆ کۆمپانیاکە نە هاوکاریی کردووین نە هیچ، ئەگەر بۆ حکومەت بووایە کێشەمان نەبوو، بەڵام بۆ ئەویش نییە."
 
هونەر رەحیم، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "شەڕەکەی ئەمڕۆ لەسەر ئەوە بووە کە چەند کارمەندێکی کۆمپانیاکە لە شۆفێرێکیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە، بۆیە ئێمەش هاتین هێرشمان کردە سەر ئێرە، چونکە ئێمەی جووتیار بۆ کەسابەتکردن لێرەین نەک بۆ شەڕ، قبووڵیشی ناکەین سووکایەتیمان پێ بکرێت، ناشکرێت بۆ پێنج هەزار دینار شەق لە جووتیار هەڵبدەیت، لە کاتێکدا کەسیش نازانێت ئەو پێنج هەزار دینارە بۆ کوێ دەڕوات."
 
موزەفەر سدیق، جووتیاری شارەزوور ئاماژەی بەوە کرد، "پێم خۆشە جووتیارەکان هاتوون وایان لە کۆمپانیاکە کردووە و مافی خۆیانە، ئێمە بۆ ئەم پارە بدەین؟ ئەمە سەرانەیە لەپێناوی چی بیدەین؟ ئایا بەنزینمان دەداتێ؟ ئاومان دەداتێ؟ چی دەکات بۆمان؟ ئەگەریش دەڵێن ئەمە پشکنینە، ئێمە نامانەوێت، چونکە خۆم پێش ئەوەی بیخەینە بازاڕەوە خۆمان دەیخۆین، من ئەمساڵ شوتیم کردووە، پێش ئەوەی بیفرۆشم داومە بە ماڵومنداڵی خۆم."
 
ژووری بازرگانیی سلێمانی داخستنی کۆمپانیاکە بە باشترین چارەسەر دەزانن بۆ ئەو دۆخە. عەتا ئەحمەد، نوێنەری ژووری بازرگانیی سلێمانی لە عەلوە بە رووداوی گوت، "داوا لە وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، ئەم کۆمپانیایە مادام سەر بە وەزارەتەکەی ئەوانە با دایبخەن تاوەکو نرخی خەیار بەرزدەبێتەوە، چونکە جووتیارەکان ناچارن کە دەزانن بەرهەمەکەیان پارە زۆر ناکات، بە خەرجییەکانی خۆیاندا دەچنەوە، بۆیە قبووڵی ناکات 15 هەزار و 20 هەزار لە جووتیارەکان وەربگیرێت."
 
ئەم کۆمپانیایە رۆژانە بە پێنج هەزار دینار پشکنین بۆ هەموو ئەو بەرهەمانە دەکات کە دەبرێنە عەلوەی سلێمانی، بەبێ ئەنجامدانی پشکنین رێگە بە جووتیار نادرێت بەرهەمەکەی بفرۆشێت.
 
دکتۆر گزنگ محەممەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هامسا بە رووداوی راگەیاند، "ئەم شەڕەی ئەمڕۆ روویداوە پلان بۆ داڕێژراو بووە، ئەگەر خۆشم لەجێی کارمەندەکە بوومایە کە پارە وەردەگرێت بۆ پشکنین و وەسڵیان دەداتێ، بە دڵنیاییەوە ئەو شەڕە هەر روویدەدا، چونکە شەوی رابردوو پلانی بۆ داڕێژراوە."
 
سەروەر عەلی، بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی باسی لەوە کرد، "ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 2021 بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و پارێزگاری سلێمانی دامەزراوە و فەرمییە، ئەو پێنج هەزارەشی وەریدەگرێت بۆ پشکنینی بەرهەمەکانە، پشکنینی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجیی بۆ دەکرێت و بە هیچ جۆرێک سەرانە نییە و تاقیگەیەکی فەرمییە."
 
دوای هێرشەکە بڕیاردرا وەرگرتنی بڕی پێنج هەزار دینار لە شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەی کە سەوزە و میوە دەهێنن رابگیرێت، تاوەکو وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیارێک لەبارەی کاری کۆمپانیاکەوە دەدات.