گوتەبێژی کۆمیسیۆن: هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، "هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین، چاوەڕوانین سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بڕیارێک بدات."
 
بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەتواندرا لە1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت، بۆیە رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 06-11-2023 کۆتایی هات.
 
سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
 
رۆژی سێشەممە، 13-06-2023 شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق، بابەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو ئەو بڕیارانەی دوای دانیشتنی دادگە دەرکرا، بە گوێرەی بڕیارەکە نایاسایین و هیچ کاریگەرییەکی یاساییان نامێنێت، لەو چوارچێوەش دوو ئەندامەکەی کۆمیسیۆنیش دەگرێتەوە، بۆیە ئێمە ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانین، چونکە بەپێ یاسای ژمارە 1ـی 2005ـی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەسەڵات لای سەرۆکایەتی ماوەتەوە و پێویستە ئەوان ئەو بابەتانە یەکلایبکەنەوە."
 
لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شێروان زرار گوتی: "هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین، چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانین، هەر کاتێک ئەوان بڕیاریان دا ئەو کاتە ئێمەش بڕیار دەدەین دەبێت سەرەتا بزانین پرۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت ئایا بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق دەبێت یان بە چی شێوەیەک هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت."
 
راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە رۆژی شەممە، 27ـی ئایار هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، دەست بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەشەکانیان راسپاردووە بۆ ئەوەی پلان و بودجە و هەموو شتێک ئامادە بکرێت.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. شێروان زرار دەڵێت: "شەش مانگمان بۆ هەڵبژاردن پێویستە کە لێرە لەو کاتە دەڕوات، دەکرێت لەو سەرەوە داوای بکەین، واتا دەکرێت مانگی 11 هەڵبژاردن نەبێت و بکرێتە مانگی 12 یان رەنگە بەهار بێت، واتا مەرج نییە هەر ئەو کاتە بێت کە دانراوە. ساڵی پاریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتی دیاریکرد و نەتواندرا لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت و گۆڕدرا، بۆیە زۆر زۆر ئاساییە و رەنگە دوای یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە، داوای چەند مانگێک بکەین بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە نۆ ئەندام پێکدێت کە سێ ئەندامی پارتی، دوو ئەندامی یەکێتی، دوو ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان، یەک ئەندامی یەکگرتوو و یەک ئەندامی کۆمەڵە.