کاروباری مینی دهۆک: لە ناحیەی چەمانکێ بۆمبێکی گەورەمان هەڵگرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ناحیەی چەمانکێ بۆمبێکی گەورەیان هەڵگرتووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 13-06-2023، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک رایگەیاند: "لەلایەن ئاسایشی ناحیەی چەمانکێ لە بوونی بۆمبێکی 250 ملیمی ئاگادارکراینەوە. تیمی لەنێوبردنی مین و تەقەمەنیی ناحیەی چەمانکێ توانیویانە ئەو بۆمبە هەڵبگرنەوە. بۆمبەکە بەمەبەستی لەنێوبردنی گواستراوەتەوە."
رێگر بێسفکى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی کاروبارى مین و تەقەمەنى لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە کە بومبێک لە سنوورى ناحیەی چەمانکێ سەر بە قەزاى ئامێدى دۆزرایەوە، تیمەکانى هەڵگرتنەوەی تەقەمەنى چوونە شوێنەکە و بۆمبەکەیان بۆ شوێنێکی تایبەت بەمەبەستی تەقینەوە گواستەوە."
بە گوتەی گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی کاروبارى مین و تەقەمەنى لە دهۆک، "پێدەچێت ئەو بۆمبە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە فڕێدرابێتە خوارەوە و نەتەقیبێتەوە، چونکە پێشتریش بۆمبی لەو شێوەیە بینراوە، بەڵام ئەوانەى پێشتر دۆزرانەوە زۆربەیان کۆن و هی سەردەمى حکومەتى بەعس بوون، ئەوەی ئەمڕۆ بینراوە، نوێیە."
رێگر بێسفکى گوتی: "مەترسیش هەبوو ئەگەر دەستی هاونیشتمانی بە بۆمبەکە گەشتبا بتەقێتەوە."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مین و تەقەمەنیی پارێزگای دهۆک، لە سنووری نێوان دهۆک و تورکیا 775 ناوچەی مینڕێژکراو هەن، کە بەشێکیان پاکنەکراونەتەوە و زۆربەی ئەو ناوچانە دەکەونە سنووری قەزای ئامێدی.