هەماهەنگیی قەیرانەکان: لە ماوەی دوو ساڵدا تەنیا 198 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 87 خێزانی ئاوارەی شنگال دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەوەش لە ماوەی دوو ساڵی کارکردنیان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال تەنیا 198 خێزان گەڕاونەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 13-06-2023 سروە رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال کرد و رایگەیاند: "لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای رێککەوتننامەی شنگال لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 وەک یەکێک لە هەنگاوەکان لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆ هاوکاری و کارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان ئەو لیژنەی پێکهێندراوە راستەوخۆ لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت و دەڵێت: "وەکو یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان ئەمڕۆ 87 خێزان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان کە هەموویان هاوکاری و کارئاسانییان بۆ کراوە، پێشتر سەردانی شوێنەکانیان کراوە، لە رووی ئەمنی و بارودۆخی ناوچەکە دڵنیابوونەتەوە."
 
سەبارەت بەو خێزانانەی تاوەکو لە رێگەی لیژنەکەیانەوە گەڕێندراونەتەوە شنگال، سروە رەسوڵ گوتی: "لە ماوەی دوو ساڵی کارکردنی لیژنەکەمان تواندراوە 198 خێزان بگەڕێندرێنەوە."
 
پێشتر بڕیار بوو 97 خێزان بگەڕێنەوە شنگال، بەڵام سروە رەسوڵ گوتی: "10 لەو خێزانانە بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنی ناوچەکەیان پەشیمان بوونەوە لە گەڕانەوە."
 
زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی شنگال لە هەرێمی کوردستان دەژین. سروە رەسووڵ دەڵێت: "تەنیا مانگی ئایاری پار بەهۆی شەڕ و پێکدادانی گرووپە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 10 هەزار و 740 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، گەڕاندنەوەی 198 خێزان لە ماوەی دوو ساڵ زۆر کەمە، "ئەوەش بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگالە. راستە ئاوارەکان چ لە هەولێر، دهۆک یان شنگال بن هەر لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام مافی خۆیانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."