وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: کارکردن لە رێگەی سماقووڵی دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەردانی خۆپیشاندەرانی رێگەی سماقووڵی کرد، بەڵێنی پێدان کە ئەم هەفتەیە دەست بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی رێگەکە دەکرێت، بەڵام چاککردنەوەی رێگەکە پێشخرا و ئێستا دەست بە کارەکە کراوە و بڕیارە بە زووترین کات تەواو بێت. 
 
بۆ ماوەی چەندین رۆژ رێگەی سماقووڵی، کۆیە و هیران بۆ هەولێر بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخرا؛ تاکە بژاردەی بارهەڵگرەکان رێگەی بالیسان بوو کە دواتر ئەویش داخرا. هاونیشتمانیانی ئەو سنوورانە داوای چاککردنەوەی رێگەکانیان دەکرد و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رۆژی 08-05-2023 سەردانی خۆپیشاندەرانی رێگەی سماقووڵی کرد و بەڵێنی پێدان ئەم هەفتە چاککردنەوەی رێگەی سماقووڵی دەستپێبکات. 
 
رۆژی شەممە 13-05-2023 مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبیژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو رۆژ دوای سەردانەکەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە بۆ لای خۆپێشاندەران، کارکردن لە رێگەی سماقووڵی بە مەبەستی چاککردنەوەی دەستی پێکرد. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی ئەو بەشەی رێگەکە کە نۆەژندەکرێتەوە دەڵێت: "پڕۆژەکە پێکهاتووە لە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی قیری رێگاکە لە دەربەندی گۆمەسپان تاوەکو بەنداوی سماقووڵی و لەوێشەوە تاوەکو ھیزۆپ و بڕیارە بە زووترین کات کارکردن تێیدا تەواو ببێت."
 
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی هاونیشتمانیانی دۆڵی سماقووڵی چاککردنەوەی رێگەوبانەکان بوو؛ هاوکات داوایان دەکرد چی دیکە بارهەڵگرەکان بەو رێگەیەدا هاتووچۆ نەکەن.
 
مەریوان مەلا حەسەن دەڵێت:"بڕیارە چیدیکە بارهەڵگرەکان بەو رێگەیە هاتووچۆ نەکەن."