پەکەکە: تورکیا لە 5 رۆژدا 1026 جار بۆردوومانی کردووین

بۆردوومانێکی پێشووی تورکیا لە سنووری هەرێمی کوردستان.
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، هەرچەندە ئاگربەستی تاکلایەنەیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی راگەیاندووە، بەڵام سوپای تورکیا لە پێنج رۆژدا هەزار و 26 جار پێگەکانیانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە. 
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازیی پەکەکە، لە نوێترین راگەیێندراویدا دەڵێت، سەرەڕای پابەندبوونیان بەو ئاگربەستەی زیاتر لە مانگێکە رایانگەیاندووە، هێزەکانی سوپای تورکیا لە هێرشەکانیان بەردەوامن. 
 
هەپەگە دەڵێت، لە رۆژانی 7-12ـی نیسانی 2025دا سوپای تورکیا بە درۆن، فڕۆکەی جەنگی، هاوەن و تۆپهاوێژ هەزار و 26 جار پێگەکانیانی لە ناوچە جیاوازەکانی زاپ، گارە، مەتین، شێلادزێ، کانی ماسێ، ئاڤاشین و ئامێدی بۆردوومان و تۆپباران کردووە و لە ئەنجامدا دوو گەریلا گیانیان لە دەستداوە. 
 
هەپەگە دەڵێت، هەرچەندە ئاگربەستیان راگەیاندووە، بەڵام لە رۆژانی 9 و 10 و 12ـی مانگدا لە ناوچەکانی شێلادزێ، زاب و مەتین ناچاربوون وەڵامی سێ هێرشی راستەوخۆ بدەنەوە. 
 
10ـی نیسانی 2025، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا و لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، 18 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە کە 6 گەریلا و 12 شەڕڤان بوون. 
 
دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، هەپەگە رۆژی 1ـی ئاداری 2025 ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاند.