قایمقامی هەولێر: لە 22 رۆژدا زیاتر لە 100 تۆن خورما و خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەرداگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە تاوەکو ئەمڕۆ دەستبەسەر زیاتر لە 100 تۆن خورما، خۆراک و گۆشتی سووری ماوەبەسەرچوودا گیراوە و خاوەنەکانیان زیاتر لە 50 ملیۆن دینار لەلایەن لیژنەکانی قایمقامییەتەوە سزادراون.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی نیسانی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەبارەی دوایین چالاکییەکانی لیژنەکانی قایمقامییەت و لیژنە پەیوەندیدارەکانی هێزە ئەمنیەکان، تەندروستی، ڤێتەرنەری، چاودێریی بازرگانیی دوا و رایگەیاند، رۆژی 11ـی مانگ لە دیوانی پارێزگای هەولێر و بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکیان کردووە.
نەبەز عەبدولحەمید رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی کۆبوونەوە، دەستیانکردەوە بەسەردانکردنی کۆگە گەورەکانی خۆراک کە سەرچاوەی سەرەکیی دابەشکردنی خۆراکن بۆ سەر تەواوی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. جەختی لەوەکردەوە کە لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقی، کاڵاکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو گران بوون، بەڵام بە دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی نرخەکانیش گەڕانەوە دۆخی جارانیان و هەرزانتریش دەبن. باسی لەوەشکرد، کە لەگەڵ سەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، نرخی کاڵا و شمەکەکانیش جێگیر دەبن.
قایمقامی هەولێر روونیکردەوە، سەرباری هەموو پێشهاتەکان، لیژنە پەیوەندیدارەکان هەمیشە چاودێری و بەدواداچوون بۆ رەوشی بازاڕ دەکەن و رێکاری یاسایی تووند لە دژی ئەو کۆمپانیا، بازرگان و خاوەن مارکێتانە دەگرنەبەر کە دۆخەکە دەقۆزنەوە و گرانبازاری دروست دەکەن. پێداگری لەوەشکرد، کە دەبێ هاووڵاتییان جیاوازی لەنێوان بەرزبوونەوە و بەرزکردنەوەی نرخەکان بکەن.
نەبەز عەبدولحەمید لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لەوە کرد، "بەوپێیەی کاتێک بەهۆی قەیرانە نێودەوڵەتییەکانەوە نرخەکان بەرزدەبنەوە و رەنگدانەوەی بەسەر نرخەکانی بازاڕی هەرێمی کوردستانیش دەبێت کە ئەمە دۆخێکی ئاساییە و هەموو جیهان دەگرێتەوە، بەڵام بەرزکردنەوەی نرخ لەلایەن چەند بازرگانێکەوە کە بەدەستکرد ناوی دەبەین و دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بۆ قازانجی زۆر دەقۆزنەوە، ئەمە قبووڵکراو نییە و چەندین جۆر سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت."
نەبەز عەبدولحەمید باسی گوتیشی، لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 تۆن خورما، خۆراک، گۆشتی سووری ماوەبەسەرچوو و گەنیو دەستیان بەسەردا گیراوە و رایگەیاند، تەنیا لیژنەکانی قایمقامییەت بە 50 ملیۆن دینار سزایان داون. دەشڵێت، لە پاڵ ئەمەشدا لیژنەکانی دیکەی پەیوەندیداریش بە دەیان و سەتان ملیۆن دینار سزایان داون و سەرباری ئەمەش بەشێکیان داخراون، بەشێکی دیکەشیان رووبەرووی دادگە کراونەتەوە و دادگە سزای توندی پێداون.
سەبارەت بە سووتەمەنییەکان، قایمقامی هەولێر رایگەیاند، لە وەرزی زستاندا نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکان، سنوورییەکان، قەزا و ناحیەکان و دەوروبەر دابەشکراون و هەر کاتێک بڕێکی دیکەی نەوت بەدەست بگات، لە ناوەندی شاری هەولێریش دابەش دەکرێت و جەختی لەوەشکردەوە ئێستا بەهۆی کەمیی خواست لەسەر نەوت، نرخەکانیشیان دابەزیون.
لەبارەی دابەشکردنی غاز لەلایەن بریکارەکانەوە، قایقامی هەولێر گوتی، بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانییەکان و هێزە ئەمنییەکانی دیکە چاودێرییەکی چڕ بەسەر بریکارەکانی دابەشکردنی غاز دەکەن و لە ماوەی رابردوودا چەندین پێشێلکارییان تۆمارکردووە و سزای سەرپێچیکارانیان داوە. بەشێک لەوانەی سەرپێچییان کردووە مۆڵەتی بریکارییان لێسەندراوەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن قەدەخەی کارکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
سەبارەت بە گواستنەوەی گۆڕەپانی دابەشکردنی سووتەمەنی کە دەکەوێتە سەر شەقامی گشتیی مەخموور رایگەیاند، لە پلانماندایە گۆڕەپانێکی گەورەتریان بۆ بکەینەوە لە شوێنێکی دیکە و بکرێتە بۆرسای سووتەمەنی و چیدیکە خەڵکی بە بۆنی سووتەمەنی هەراسان نەکرێن و ژینگەی شار باشتر و خاوێنتر بکرێت.