لە بۆکان گەنجێك بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستدا و لە ئیلامیش ژنێک بەهۆی لافاوەوە خنکا
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 35 ساڵانی خەڵکی گوندی ئوزن قشڵاقی بۆکان بە ناوی مەنسور رەحمانی بەهۆی هەورە برووسکە گیانی لەدەستدا. لە ئیلامیش ژنێک بەهۆی لافاوەوە خنکا.
خەشایار سەنعەتی، سەرپەرشتی قایمقامیەتی شاری بۆکان رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-04-2023 لە بەرزاییەکانی دەوروبەری گوندی ئوزن قشڵاق هەورە برووسکە لە دوو گەنجی داوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکیشیان بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی ژنێکی 50 ساڵان لەنێو رووباری شارۆچکەی ساڵحئابادی سەر بە شاری مێران لە پارێزگای ئیلام دۆزرایەوە. بە گوتەی نوور عەلیمورادی، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی پزیشکی پارێزگای ئیلام، ئەو ژنە رۆژی چوارشەممە بەهۆی بارانبارین و لافاو کەوتبووە نێو رووبارەکە.
چەند رۆژە بەرپرسانی کەشناسی و کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن، بەهۆی بارانی بەخوڕ و ئەگەری هەورە برووسکە و لافاو سەردانی بەرزاییەکان و ناوچە شاخاوییەکان نەکەن و لە رووبارەکان دوور بکەونەوە.
لە ئێوارەی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینیی کەشناسی، بارانبارین لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو نیوەڕۆی هەینی بەردەوام دەبێت.