بارزانی لەگەڵ عیرفان عەبدولعەزیز باسی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان دەکات
رووداو - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەکات و لە دیدارەکەیاندا باسیان لە ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان و تەحەدیات و دەرفەتەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان کردووە.
رۆژی چوارشەممە13-4-2016 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە " لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە".
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان باسیان لە " ئایندەی پەیوەندییەكان و ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان و تەحەدیات و دەرفەتەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان تاوتوێ كراوە."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا باس لە "بارودۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان كراوە و رۆشنایی خراوەتەسەر سەقامگیریی سیاسی و قەیرانی دارایی و پڕۆسەی چاكسازی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان".